كوردی سووریا و ئیداره‌ی نوێ، پێكدادان یان دانوستان ده‌كه‌ن؟

ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ یان ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی، كامیان له‌سووریای نوێدا جێبه‌جێ ده‌كرێت؟

دوێنێ



چاره‌نووسی هێزه‌كانی سووریا دیموكرات و چۆنێتی یه‌كگرتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سووپای سووریا چۆن دەبێت؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دانووستانه‌كانی نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به‌ فه‌رمانده‌یی مه‌زڵوم عه‌بدی و ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د شه‌رع به‌ده‌وامه‌ و تا ئێستا چه‌ند خولێكی گفتوگۆ له‌ نێوانیاندا ئه‌نجامدراوه‌، به‌رهه‌م و ئه‌نجامی دانوستانه‌كانیش تا ئێستا ته‌نها پێكهێنانی چه‌ند لیژنه‌یه‌ك و به‌رده‌وامیدانبووه‌ بە گفتوگۆکان، یرسی کورد لە سووریا و تێروانین و فەلەسەفەی لە ئیدارەدانی سووریای دوای بەشار ئەسەددا، تەواو ناکۆک و جیاوازە لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سووریادا له‌ كۆی خاڵه‌ جه‌وهه‌ری و سه‌ره‌كییه‌كاندا بۆ بە ڕێوەبردن و بنیاتنانەوەی داهاتووی سووریا، ئەوەش لە فەسەفەی ئێستای ئیدارەدانی بەرێوەبەراتی خۆسەردا دەردەکەوێت کە دەسەڵات لە خوارەوە بۆسەرەوەیە و لە شێوازی ئیدارەدانیشیاندا تەنانەت رەچاوی تایبەتمەندی گوندەکانیشیان کردووە کە دەکرێت لەگەڵ شێوازی گوندێک یان ناوچەیەکی تردا جیاوازبێت.

ئه‌و خاڵه‌ ستراتیجییانه‌ی كه‌ ته‌واو ناكۆكن له‌سه‌ری بریتین له‌:

١ــ شێوازی ده‌سه‌ڵاتی داهاتووی سووریا: هه‌رچی ئه‌حمه‌د شه‌ڕع و داروده‌سته‌كه‌یه‌تی ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی له‌ سووریا هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و باوكی دابمه‌زرێنن و هه‌ژمونی خۆیان به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌ جیاجیاكانی سوریادا بسه‌پێنن، له‌به‌رامبه‌ردا ئیداره‌ی خۆسه‌ری و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات داواده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی لامه‌ركه‌زی بێت و تایبه‌تمه‌ندی و سەربەخۆیی ته‌واو به‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان بدرێت.

٢ــ چاره‌نووسی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات: ئه‌حمه‌د شه‌رع و داروده‌ستكه‌ی داوایانكردوه‌ ئه‌و هێزه‌ خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، دواتر چه‌كداره‌كانی له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی له‌ سوپای سووریادا بكرێنه‌ سه‌رباز، هه‌رچی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیشه‌ داواده‌كه‌ن كۆی هێزه‌كانیان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ سووپای سووریا یه‌كبگرن و ره‌چاوی تایبه‌تمه‌ندی هێزه‌كانیشیان بكرێت.

٣ــ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان و چۆنێتی دابه‌شكردنی داهاته‌كان: له‌ دانوستانه‌كاندا به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات داوایان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ نوێكه‌ی دیمه‌شق كردووه‌ كۆی داهاتەكان  بچێته‌وه‌ ناوه‌ند به‌ومه‌رجه‌ی به‌ یه‌كسانی به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌شبكرێن، ئه‌وه‌ی ناروونه‌ نازانرێت وه‌ڵامی ئه‌حمه‌د شه‌رع و داروده‌سته‌كه‌ی بۆ ئه‌و پرسه‌ گرنگه‌ چیبووه‌.

گرنگترین كێڵگه‌ نه‌وتی و غازییه‌كانی سووریا ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و له‌ ئێستادا له‌ژێر كۆنتۆرڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدان، وه‌ك كێڵگه‌كانی سوه‌یدییه‌ و رومه‌یلان له‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ و كێڵگه‌ی نه‌وتی عومه‌ر و چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی تر له‌ پارێزگای دێره‌زور، ئه‌وه‌ش هێزو و گورێكی تر به‌ كوردانی رۆژئاوای كوردستان ده‌به‌خشێ له‌ دانوستانه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ كۆی خولی دانوستانه‌كان، تا ئێستا  ته‌نها له‌سه‌ر دوو خاڵ لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان لایه‌نی كوردی و ده‌سه‌ڵاته‌ نوێكه‌ی دیمه‌شق هه‌یه‌، ئه‌وانیش پێكھنانی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری تایبه‌تمه‌ند بووە بۆ چارەسەی پرسه‌ جیاجیاكان له‌گه‌ڵ درێژه‌دان به‌ وتوێژه‌كانی نێوانیان.

توركیاش كه‌ له ‌سوریای دوای به‌شار ئه‌سه‌ددا توانیویه‌تی به‌كرێگیراوانی خۆی له‌ ناوه‌ندی بڕیاردان له‌ دیمه‌شق دابنێت، ده‌ستێكی باڵای هه‌یه‌ له‌ رێگری له ‌هه‌رجۆره‌ رێكه‌وتنێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی رۆژئاوای كوردستاندا بێت و پلانی دارشتوه‌ له ‌داهاتوودا پێكدادانی سه‌ربازی و به‌ره‌یه‌كی تری شه‌ڕ و رووبه‌رووبونه‌وه‌ له ‌نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و ئه‌و میلیشا سه‌ربازییانه‌دا كه‌ ناویان لێنراوه‌ سوپای سووریا، به‌رپا بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار