تا ئێستا ئەمریکا چەند جار پشتی لە کورد کردووە؟

2 ڕۆژ لەمەوپێش



ئایا هەر بە تەنیا شاخەکان هاورێی کوردن یان لەمڕۆدا کورد هاورێ و هاوپەیمانی ستراتیجیشی هەیە؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

لە مێژووی نوێدا، بە تایبەت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و سەرهەڵدان و کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، بە شێوەیەکی گشتی ئەمریکا بە خۆی و سوپا زەبەلاحەکەیەوە باڵی بەسەر تەواوی جیهاندا کێشاوە و لە زۆربەی ڕووداوەکاندا بوونی هەیە و تەواوی جومگە سەرەکییەکانی سیاسەت و ئابوری کۆنترۆڵکردووە. لە زیندوکردنەوەی پرسی کورد و هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر، ئەمریکا پانتاییەکی فراوانی داگیرکردووە و بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو، کاریگەری تەواوی لەسەر کۆی ڕووداوەکانی کوردستان هەبووە و هەندێ جاریش هەڵوێستەکانی بە زیانی میللەتی کورد شکاوەتەوە.

ئەو هەڵوێست و سیاسەتانەی ئەمریکا کە بە شێوەیەکی گشتی میللەتی کورد تێیدا زەرەرمەند بووە ئەمانەن:

یەکەم: دوای بەیانی ١١ی ئازار و راگەیاندنی ئۆتۆنۆمی لە باشووری کوردستان، ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی "جیراڵد ڕۆدۆڵف فۆرد" کە دەستی باڵای هەبوو لە پڕچەککردن و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا، کەچی لە ساڵی ١٩٧٥ دا، لە سەروەختی رێکەوتننامەی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێراندا، ئەمریکا کوردی تاک و تەنیا جێهێشت و ئەمەش ئاشبەتاڵی لێکەوتەوە.

دووەم: دوای کۆتایی هاتنی جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ و راپەرینی گەلی کورد، ئەمریکا لەسەردەمی دەسەڵاتی جۆرج بۆشی باوکدا، دەستی سەدام حسێن و سوپای عێراقی واڵاکرد تا بە دڕندانەترین شێوە پەلاماری شارە کوردییەکان بدەن و ئەمەش کۆرەوی ملیۆنی لێکەوتەوە.

 

سێیەم: لە ساڵی ٢٠٢٣ و لە سەردەمی "جۆبایدن"دا ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی نەبوو لە بەرامبەر ڕادەستکردنەوەی دەیان چالاکوان و کەسایەتی کورد لەلایەن سویدەوە بە تورکیا وەک مەرجی ئەنکەرە بۆ دەربڕینی رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی سوید لە پەیمانی ناتۆدا.

چوارەم: لە ساڵی ٢٠١٥ دا، هێزەکانی سوریای دیموکرات بوونە هاوپەیمانی ئەمریکا و توانیان تیرۆریستانی داعش تێکبشکێنن، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ دا، لە خولی یەکەمی سەرۆکاتی "دۆناڵد ترەمپ"دا، بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکای لە سووریا دەرکرد و کوردی بە تاک و تەنیا جێهێشت لە بەردەم پەلامارەکانی تورکیادا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی تر پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان سەریهەڵداوەتەوە و وایکردووە تورکیا و بەکرێگیراوانی جەنگێکی خوێناوی بەرپا بکەن بە تایبەت لە دەوروبەری بەنداوی تشرین. دەسەڵاتی نوێی دیمەشقیش کە بە ئاشکرا لایەنداری بۆ تورکیا دەکات، هەر رۆژە و بە جۆرێک پیلان لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتی خۆسەری دەگێڕێت.

لەوبارەیەوە چاودێران کشانەوەی ئەم جارەی سوپای ئەمریکا لە سووریای دوای بەشار ئەسەد بە دوور دەزانن و دەڵێن ئەمریکا ئەو هەڵە ستراتیژییەی لە ئەفغانستان کردی هەرگیز لە سووریا دوبارەی ناکاتەوە و سووریا جێناهێڵێت، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش چەندین جار ڕایگەیاندووە؛ لە ئەگەری کشانەوەی سوپای ئەمریکاشدا ئەوان لە هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد لەوپارچەی کوردستان بەردەوام دەبن و کۆڵنادەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار