لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "١٤"

عەبدولڕەزاق شەریف

2 ڕۆژ لەمەوپێش



عەبدولڕەزاق شەریف

لە ئەنجامی ئەو کۆنفرانسەی بۆ میدیای بزوتنەوەی گۆڕان رێکمانخست :

یەکەم: ناوی میدیای گۆڕان جێگیر کرا.

دووەم: ژوری هەواڵی هەرسێ ئورگانەکە " رادیۆ، تەلەفزیۆن و سایتی سبەی " یەکخرا.

 سێیەم: کارگێڕی و ژمێریاری وەک یەکەیەکی سەربەخۆ یەکخرا.

 

 لەناو باڵەخانەی تەلەفزیۆنەکە، ژورێک لەشێوەی هەورەبان تاک و تەنیا، بەدوا پلیکانە بۆی سەردەکەوتی بەڵام دەرگای چونە سەربانەکەی نەبوو، تەباخ، دەستشۆرێک، هەندێک کەلپەل و بەرماڵی تێدابو، کادرەکان لەیەک کاتدا وەک شوێنی قاوەڵتی کردن، وەک مزگەوت و شوێنی نوێژ بەکاریان دەهێنا، پێدەچوو هەرگیز پاکنەکرابێتەوە، ساحیبەی نەبوو، رۆژانە هێندە خواردنی خێرا، لە هێلکە و رۆن، باسترمە و شفتەی تێدا دروستکرابوو، بەنهۆمەکانی ژێر خۆیدا، بۆنێکی ناخۆشی وەک سەرەنوێلکی بڵاوکردبۆوە، خەسڵەتەکانی ژور و چێشتخانە یان مزگەوتی لەدەستدابوو .

 هەر ئەو رۆژە، هێشتا لە گەڕان و تەماشای ژورەکانیتردا بووم کە بەڕێوەبەری کارگێڕیم راسپارد پەلەبکەن لەروخاندن، پاککردنەوە و دیزاینکردنەوەی ئەو گوفەکە، بیکەن بەژوری بەڕێوەبەری میدیای گۆڕان .

 هێشتا کرێکارەکان ئیشیان دەکرد، لەناو بزوتنەوەکە و گردەکەی زەرگەتە و سۆشیال میدیا، جەهەنمێک لەدرۆ و بوختانم بۆ داگیرسا دەنوسرا و دەوترا بەڕێوەبەری نوێ :

 - مزگەوتی تەلەفزیۆنەکەی روخاندوە.

 - ژوری تایبەتی بۆ خۆی دەوێ، نایەوێ تێکەڵی کەس بێت، کەس نهێنیەکانی بزانێت.

-  وائەزانێ گۆڕانیش یەکێتی و پارتیە، خۆی لەخەڵک جیا ئەکاتەوە .

 - پارە بۆ خۆی و رازاندنەوەی ژوری خۆی خەرج دەکات.

 هێندە غەریب و غەوارە بوم بەو ئاگری رک و کینەیەی سەری تەکەتولەکان، باڵ و ریزبەندی گروپەکانیان، دەیان تەفسیر و تەئویلی خراپ، بەخێرایی تیشک بڵاودەبۆوە،  منیش بێ ئاگا هێشتا وەرزێکم لەگۆڕانخوازی نەبڕیبوو، پێڵاوی یەکەم رۆژی هاتنم بۆ گردەکە نەگۆڕیبوو، لەو پەلاماردانە تێنەئەگەیشتم، کاری خۆمم دەکرد، ئەوەی لای من توشی واقوڕمانیکردبووم ئەو کۆنە "کۆمەڵە و مارکسی- لینینیانە"  بوون، چۆن وەک شارە زەردەواڵە ئیسلامی و کۆنەپەرستەکانیان لەخۆیان ئاڵاندبوو!

 لەو سەروەختەیا، بۆ چا خواردنەوەیەک، لەماڵەکەی خۆی سەردانی رێکخەری گشتیم کرد، لەهەموان زیاتر قسەی خراپی لەسەر من بیستبوو، راستەوخۆ چووە ناو قسەکانیەوە و وتی :

تۆ دەزانی ئەو بینایە موهەندیسی شارەزا و کۆمپانیای تایبەت بۆ تەلەفزیۆن و کاری راگەیاندن، لەسەر داوای خۆمان دروستیانکردوە، وەحدەیەکی موتاکامیلە هەر ژوور و هۆڵێک پەیوەندی بەویترەوە هەیە، بیستومە هەورەبانەکە بۆ جێگەیەک بۆ خۆت دەڕوخێنیت.

 بەزەردەخەنەیەکەوە وەڵامم دایەوە :

 جگە لەکەلاوەیەکی پیس هیچیتر نەبو، رەنگە بە مەبەستی شوێنی نوێژکردن دروستکرابێ بەڵام هیچ کەڵکێکی نەمابوو، پشتیرێکم تێکداوە، دەیکەینە ژوری بەڕێوەبردنی میدیاکە. خۆمن تامردن لەوێ نابم، دڵنیاشم کەتۆ نەتبینیوە .

وتی: من بەڵێنم پێدای پەیوەندیم پێوەی نەماوە، هەرچی بۆ شکایەتیش هات پێم وتون هەموی بڕوخێنێ من ئاوڕی لێنادەمەوە .

 ئەم وەڵامەی فرسەتێکیدا، زیاتر بڵێم :

 لەو بەرزییەی بەرامبەر دەرگای دەرەوەش کەبۆتە دڕکوداڵ، باخچەیەکی جوان دروستدەکەم، بۆ شوێنی جگەرەکێشانیان و دانیشتن و گفتوگۆی کاتی بێ ئیشی کارمەندەکان، جێگەیەک بۆ هەندێ باڵندە و قاز و مراوی  کەبتوانن لەناویا بژین دروستدەکەم، حەوز و فوارە، درەخت و چیمەن و سەوزایی، کورسی دانیشتنی رێبواران .. کتێبخانەیەکی بچوکیش دروستدەکەم. کەتەواو بوو ئنجا وەرە و بیانبینە.

 شوێن و فەزای شوێنی کارکردن، رەنگدانەوەی ئەقڵی خاوەن شوێنەکەیە، مەرج نیە پارە و دەسەڵات جوانی بخوڵقێنێت، جیاوازی رازاندنەوەی مقەڕی ئێرانیەکان و حیزبەکانی رۆژهەڵاتیشم لەوشاخانە لەگەڵ ئەوانەی خۆمانا وەبیرخستەوە، کە چۆن بەگوڵ و ئینجانە دەیانڕازاندەوە و ئەوانەی ئێمەش کێچ و ئەسپێ لەناویاندا، تەراتێنیان بوو .

  هەستایە سەرپیان، بەهێواشی بەشێوەیەک هەنگاوی دەنا، بێ قسەکردن کەمەندکێشی ژورێکی بچوکی کردم، بەئاماژەیەک و بنە گوێنیەک، لەکاغەز و پەڕاوی نوسراوی نیشاندام و وتی :

ئەوانە بۆ لای خۆت بەرە من چیتر کەڵکیان لێ نابینم .

 بەبێ ئەوەی بزانم چی تێدایە دەستم دایە و هەڵمگرت.

پێش ئەوەی بڕۆم وتی :

شتێکت بۆدەکەم جگە لەخۆم و خۆت نابێت هیچ کەسێک بزانێت، لای کەس باسی مەکە! هەمو مانگێ بڕۆ لای "فڵان کەس"، دووسەد هەتا دووسەدوپەنجا ملیۆن وەربگرە، لای خۆت دایبنێ بۆ رۆژی تەنگانە و کاروباری پێویست .من بەبێ بیرکردنەوە دەسبەجێ قبوڵمکرد بەڵام کەهاتمە دەرەوە زۆر پەشیمان بوومەوە، چەند رۆژێک و بەحوکمی ئەوەی ( دنیا مردن و ژیانە ) نەمدەزانی چۆن چارەسەری بکەم، چۆن رەتی بکەمەوە.

سێ مانگ پاشەکەوت و لێبڕینی چەند مانگێکی  موچەی کارمەندەکانی میدیای گۆڕان پێش دەستبەکاربونی من، وایکرد بۆ قەرەبوکردنەوەیان مەیلیم هەبێت و دودڵ نەبم و قەبوڵی بکەم .

 ئاخر بەرپرسی کارگێڕی و دارایی بزوتنەوەکە، کە ئێستا وەزیری دارایی هەرێمەکەیە، زۆر لەپێشتر، داهێنانی پاشەکەوت و لێبڕینی موچەی کارمەندەکانی گردەکەی جێبەجێکردبوو، هەنگاوەکەی نێچیرڤان بارزانی و هەتا ئێستا بەردەوامی! جگە لەلاسایی کردنەوەی پرۆژەی دەستگرتنەوەی "ئاواتی شێخ جەناب" هیچیتر نەبوو! دواتریش گشت گۆڕانخوازان و میدیای گۆڕان سەری زمان و بنی زمانیان رەخنە لەو چاولێکەرییە بو و کەئێستا بۆتە نەریتی ساڵانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان .

 لەژیانمدا، سێجار، بێ گوێیی نەوشیروان مستەفام کردوە، ئەوەیان یەکەمجار و پێشم نەوتەوە.

  بەو حوکمەی (دنیا ژیان و مردن)ـە، جەمالی حاجی محەمەد "سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی" م لەو نهێنیەی نێوانی خۆم و نەوشیروان مستەفا ئاگادار کردەوە، بڕی پارەکە و شوێنەکەیشیم پێ راگەیاند. ساڵ و مانگەکانی دواتر بوە بەڵایەک! سەری تەکەتولەکان کێشە و ململانێی گەورەیان لەنێوخۆیاندا، لەسەر ئەو پارەیە دروستکرد.

 بەناچاری و بۆ نزیککرنەوەی خوێنەری ئەم زنجیرەیە! بەشی داهاتوو باس لەکێشەکانی ئەو بڕە پارەیە دەکەم .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار