هەرێمی کوردستان پاشەکشەی تەواو لە دیموکراسی دەکات و ڕێگە بە خۆپیشاندان نادات
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/photo_2025-02-10_21-20-43.jpg)
لە ڕووداوەکانی بازگەی دێگەڵە پێشێلکاری بەرامبەر نۆ دەزگاى میدیایی و ٢٢ رۆژنامەنووس کراوە
17 كاتژمێر لەمەوپێش
هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند بەرپرسیارن لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
لەبەرامبەر نەدان و دواکەوتنی مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و تەوتین نەکردنی مووچە، مامۆستایان و فەرمانبەران مافی خۆیانە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی نارەزایی رێکبخەن و فشار لەسەر دەسەڵات دروستبکەن تا بە دەم جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مووچەخۆرانەوە بێت و ئاستێک بۆ ئەو پاشاگەردانییە دابنرێت کە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
دوای مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە شاری سلێمانی و بڕیاری گواستنەوەی خۆپیشاندان و نارەزاییەکان بۆ شاری هەولێر تا داواکاری مووچەخۆران بە بەرپرسە باڵاکان بگەیەنن، لە بازگەی دێگەڵە، دەزگا ئەمنییەکان رێگەیان بە مامۆستایان و فەرمانبەران نەدا تەنانەت بچنە شارەکە و بۆ بڵاوە پێکردنیشیان توندوتیژییان لە دژی مامۆستایان بەکارهێنا، ئەم هەنگاوەش ترسە لە دیموکراتی و پاشەکشەی تەواوە لەسەرەتاییترن ماف کە دەربڕینی ناڕەزایەتییە لەدژی نەدان و دابیننەکردنی مافەکانیان.
سیستمی دیموکراسی تەندروست مافی نارەزایی و خۆپیشاندان و مانگرتن زەوتناکات و بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵات لەقەڵەمی نادات، بە پێچەوانەوە پیادەکردنی ئەو مافە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی دیموکراتی پتەوتر دەکات و دەروازەیەک دەبێت بۆ خستنەرووی کێشە و گرفتەکان.
هەر جۆرە رێگرییەکیش لە پیادەکردنی ئەو مافە تێکشکاندنی پایەیەکی گرنگی سیستمی دیموکراسییە و پاشەکشەی تەواوە لێی و گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سەرەتا، چونکە ئەگەر دەسەڵاتێک ئامادەنەبێت رێگە بە خۆپیشاندان بدات، بەو واتایە دێت ئامادە نییە هیچ داواکارییەکی مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێبکات و لە داهاتوودا مووچە و شایستە داراییەکانیان بۆ بگەرێنێتەوە.
خاڵێکی تری خۆدزینەوەی دەسەڵات لە ماف و داواکارییەکانی هاوڵاتیان ئەوەیە، هەردەم ئەو ناڕەزاییانە بە موئامەرە و بوونی دەستی دەرەکی تۆمەتباردەکات و راستەوخۆش دەزگا ئەمنییەکانی پەلاماری رۆژنامەنووسان دەدەن تا رێگری بکەن لە روماڵکردنی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان.
لەو چوارچێوەیەدا دوێنی لە بازگەی دێگەڵە پێشێلکاری بەرامبەر نۆ دەزگاى میدیایی و ٢٢ رۆژنامەنووس کراوە.
لەوبارەیەوە ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، داوای لە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کردووە رۆژنامەنووسان لە ململانێکان بهێننە دەرەوە و پێشێلکارییان بەرامبەر نەکەن، تا ئازادانە رووماڵی خۆیان بکەن.
سەبارەت بە داواکارییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش، بەرپرسانی هەردوو زۆنی دەسەڵات لە هەرێم، هەردەم دەڵێن داواکارییەکانیان رەوایە و مافی خۆیانە، بەڵام تا ئێستا ئەم وتەیە نەبۆتە کردار و هەنگاوی جدی بەدیناکرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە، بە جۆرێک هەریەکەیان هەوڵدەدات کە داواکاری مووچەخۆران لە بەرژەوەندی حزبییەوە تێوەبگلێنێ و وەک کارتی فشار لە دژی یەکتر بەکاریبهێنن، ئەوەش هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و ئاسۆی گەیشتن بە رێگەچارەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە هێندەی تر دوور دەخاتەوە.
هەرچی حکومەتی عێراقیشە لەبری دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ پێدانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، بەڵام هەرجارە و گوشارەکانی زیاتر دەکات و ناڕەزایی مووچەخۆران وەک کارتێک بەکاردەهێنێت تا زیاتر خۆی لە دابینکردنی مافە داراییەکانی هەرێم بدزێتەوە.
داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم رەوایە و دەبێت ٢٠٢٥ ساڵی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی مووچەبێت و چیتر هەریەک لە حکومەتی هەرێم و ناوەند بە بیانووی جۆراوجۆر خۆیان لە بەرپسیارێتی نەدزنەوە.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/photo_2025-02-10_21-20-43.jpg)