ڕۆژئاوای کوردستان داوای سیستمێکی فیدراڵی هاوشێوەی بەریتانیا دەکات

کوردانی رۆژئاوا دوپاتیدەکەنەوە ئەگەر بەشداری دیالۆکی نیشتمانی سووریا نەبن ئەوا پابەندی بڕیارەکانی نابن
4 ڕۆژ لەمەوپێش
حکومەتی کاتی سووریا بە نیازە بەرەو دەسەڵاتێکی تاکڕەوی هەنگاوبنێت کوردانی رۆژئاواش دەسەڵاتێکی لەو جۆرە رەتدەکەنەوە
ئامەدەکردنی: هاوڵاتی
دەسەڵاتی کاتی سووریا کە تا ئێستا شەرعییەتی لە ژێر پرسیاردایە، جگە لە سەردانی بەرپرسانی چەند وڵاتێکی ئەوروپی و عەرەبی بۆ دیمەشق و بە پێچەوانەوە سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ هەر یەک لە سعودیە و تورکیا، نەیتوانیوە هەنگاوی جدی بنێت، تا دەسەڵاتە کاتییەکە کە ئێستا شەرعییەتی ناوخۆی سووریای نییە، هیچ نەبێ شەرعییەتی دەرەکی وەرگرێت و وڵاتانی ئەوروپا وەک دەسەڵاتێکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ داننان بە دەسەڵاتی نوێی سووریا چەندین جار دوپاتیان کردوەتەوە کە یەکێک لە مەرجەکانیان ئەوەیە دەبێت هیچ پێکهاتەیەکی ئەو وڵاتە فەرامۆش نەکرێت و سەرجەمیان لەدەسەڵاتی داهاتووی سووریادا بەشداربن.
سەرباری ئەو داواکارییەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ئیدارەی کاتی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع لە دیاریکردنی لیژنەی ئامادەکاری بۆ دیالۆکی نیشتمانی سووریا کە لە حەوت ئەندام پێکهاتووە، کوردی بێبەش کردووە، بە وتەی ئەندامانی لیژنەکەش هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری بانگهێشتی دیالۆگی نیشتمانی سووریا ناکەن و دەڵێن خۆیان چەند کوردێک لەسەر ئاستی تاکەکەس بانگهێشت دەکەن، بەوپێیەش دەسەڵاتە کاتیەکەی ئەحمەد شەرع بە فیت و پیلانی تورکیا بە نیازە دوای ئەو هەموو قوربانییە بەشداری کوردانی رۆژئاوا لە دەسەڵاتی داهاتووی سووریا بەشدارییەکی کارتۆنی بێت و چەند عەڵقە لەگوێیەکی خۆیان وەک نوێنەری کورد ببەنە دیمەشق و پارە و پۆستیان پێبدەن.
لەبەرامبەردا ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ڕۆژائای كوردستان هاوبەشی ئەحمەد شەرعن، بۆیە ئەویش لێیان بەرپرسیارە، دەشڵێت: کوردانی رۆژئاوا داوای سیستمێکی فیدڕاڵی هاوشێوەی بەریتانیا دەکەن، ساڵح موسلیم دوپاتیشی کردەوە ئەگەر کورد بەشداری دیالۆکی نیشتمانی سووریا نەبێت، ئەوا پابەندی هیچکام لە بڕیارەکانیشی نابێت.
لای خۆیەوە زانا عومەر نوسەر و رۆژنامەنووس لە شاری قامیشلۆ بە کەناڵی سکای نیوزی راگەیاند: پەیرەوکردنی سیستمی فیدراڵی هەرگیز بە واتای دابەشبوونی سووریا نایەت، وتیشی ئێستا هاوڵاتیانی حەلەب لیرەی تورکی بەکاردەهێنن لە کاتێکدا هاوڵاتیانی قامیشلۆ لیرەی سووری بەکاردێنن و ئاڵای فەرمی سووریایان بەرزکردوەتەوە، ئەم دوو حاڵەتە کامیان مەترسییە بۆسەر یەکێتی خاکی سووریا.
لە سووریای دوای رژێمی ئەسەد کێشە و ناکۆکییەکان بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاودەنێت، تورکیاش کە بوەتە جێگرەوەی ئێران لە سووریا و خۆی خزاندوەتە کۆی کایە سیاسی و ئابووریەکانی ئەو وڵاتەوە، دەسەڵاتە کاتیەکەی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع وەک بوکەڵەیەک بە کاردێنێ و سیاسەت و ئەجندای خۆی بەسەردا دەسەپێنێت، بەم جۆرەش هەرگیز ئەو وڵاتە ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێ و پێویستە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت میسر و سعودیە هەوڵی جدی بدەن تا سووریا لە چنگی تورکیا و بەکرێگیراوانی رزگاربکەن.

