تورکیا لە پیلانگێڕییەکانی دژی کورد بەردەوامە و شاندی ئیمرالیش پەیامی ئۆجەلانیان گەیاندە بەرپرسانی هەرێم.

تورکیا لە لایەک باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکات و لە لایەکیش پیلانگێڕی بۆ شەڕێکی خوێناوی دادەڕێژێت.

3 ڕۆژ لەمەوپێش



تورکیا لە ڕێی ڕێکەوتنی چوارقۆڵییەوە بە نیازە ئەمریکا لە ڕۆژئاوا بکشێتەوە و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هەسەدە ڕابگرێت.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دوای ڕێکەوتنی چوارقۆڵی نێوان تورکیا و سووریا و عێراق و ئوردن کە ئەنقەرە پلاندەرێژەریەتی، تورکیا بەنیازە لە ڕێگەی ئەو رێکەوتنەوە کە بە رووکەش دژی تیرۆریستانی داعشە، ئەمریکا قایلبکات تا هێزە سەربازیبەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە و هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات رابگرێت، چونکە لە ڕاستیدا ئەوە ئامانجی سەرەکی و مەبەستی ڕاستەقینەی تورکیایە نەک دژایەتیکردنی چەکدارانی داعش.

لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی تورکیاوە ئاشکرایکرد، گوایە ڕێکەوتنی چوارقۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرۆکی دەزگاکانی هەواڵگری ئەو چوار وڵاتە؛ دەبێتە میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی نێوان تورکیا و سووریا و عێراق و ئوردن دژ بە تیرۆریستانی داعش. رۆژنامەی شەرقلئەوسەت ئاشکراشی کردووە بڕیارە لەم مانگەدا بۆ زیاتر هەماهەنگی لە عومانی پایتەختی ئوردن بەرپرسانی باڵای ئەو چوار وڵاتە کۆببنەوە.

پیلانەکەی تورکیاش بریتییە لە پاراستنی ئاسایشی سنورەکان و ئاڵوگۆری زانیاری هەواڵگری و ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی هاوبەش گوایە بۆ بەرگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە.

لای خۆیەوە نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفراسی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئایندەی سووریا کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەرێوەچوو ئاشکرایکردووە ئەنقەرە کاردەکات بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی چوارقۆڵی، مەبەستی سەرەکیشی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە، لەوباریەوە وڵاتەکەی چەندین پێشنیاری پێشکەشی واشنتۆن کردووە لە نێوشیاندا گرتنەدەستی ئیدارەی ئەو زیندانانەی کە لە رۆژئاوای کوردستان تیرۆریستانی داعشی تێدا زیندانی کراون.

کۆی پیلانگێرییەکانی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا و جموجۆڵ و سەردانەکەی شاندی ئیمراڵی بۆ باشووری کوردستان و گەیاندنی ناوەرۆکی پەیامەکەی  عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان.

لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا، چاوی تورکیا لەسەر کێڵگە نەوتی و غازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، هەردەم پاساوی بوونی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەشی کردۆتە بیانوو تا لە ڕێیەوە بە مەرامە سیاسی و سەربازییەکانی بگات.

 لەبەرامبەردا تا ئێستا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا نەچوونەتە ژێرباری پیلان و داواکارییەکانی تورکیا و هیچ ئاماژەیەک لە ئارادانییە تا هێزەکانیان لە سووریا بکشێننەوە و هاوکارییە سەربازییەکان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات رابگرن، جگە لە ئەمریکاش فەرەنسا وەک یاریکەرێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سووریا دەرکەوتووە، بە تایبەت دوای بەستنی کۆنفراسی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئایندەی سووریا کە لە پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتە بەرێوەچوو، لەو کۆنفراسەشدا سەرۆکی فەرەنسا بەرگری سەرسەختی لە پێکهاتەی کوردی سووریا کردووە و  رایگەیاندووە پاریس ئامادەیە هەموو هاوکاریەکی سووریا بکات، بەڵام بە مەرجێک  کورد کارەکتەری سەرەکی بنیاتنانەوەی سوریا بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار