كۆنگرەكەی ئەحمەد شەرع شكستی بەكۆنگرەی پاریس هێنا

سەرتیپ جەوهەر
2 ڕۆژ لەمەوپێش
🔻كۆنگرەی پاریس شكستیهێنا، ئەمریكا بەیانی كۆتایی ئیمزا نەكرد
🔻بەپێی ئەو ئاماژانەی هەن، سەركەوتنی ئاشتی لەباكور لاوازە
🔻میدیای پەكەكە بەیەك دێڕ باسی سەردانی وەفدی ئیمرالی كرد بۆ هەولێر
🔻ئاشتی باكور چەندە پێویستی بەبڕیاری ئۆجالان هەیە، ئەوەندەش پێویستی بەبەشداری راستەوخۆی قەندیل هەیە
✍️ سەرتیپ جەوهەر
كۆنگرەی پاریس سەبارەت بە دووبارە بنیاتنانەوەی حوكمڕانی سوریا و پشتیوانیكردنی ئەو وڵاتە ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبوو. هاوكات بڕیاری كۆنگرەی بەناو گفتوگۆی نیشتیمانیش كە ئەحمەد شەرع رایگەیاندووە گوایە بۆ رێكخستنەوەی سوریایە، رووبەرووی ئاستەنگی گەورەبۆتەوە و پێدەچێت هیچی لێ شین نەبێت. ئەو بڕیارەی شەرع بووە هۆی لەباربردنی هەوڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاریكردنی سوریا. چونكە هیچ كام لەپێكهاتەكانی سوریا بە كورد و عەلەویی و دروز و مەسیحییەوە ئەندام نین لە لیژنەی ئامادەكاریی بۆ ئەو كۆنگرەیە.
لە كۆنگرەی پاریس كە 13ی ئەم مانگە رێكخرا، نوێنەری ئەمریكا ئیمزای لەسەر بەیانی كۆتایی كۆنگرەكە نەكرد و وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبیش لەسەر بنەمای رێوشوێن و ئالیەتی (Snapback) سنەپباک، ئیمزایان كرد، واتە ئیمزاكردنی مەرجدار.
لەكۆنگرەی پاریسدا ئەمریكا سوربوو لەسەر جێبەجێكردنی نەخشەڕێی بڕیاری نێودەوڵەتی 2254 كە بریتیە لەگواستنەوەی قۆناغبەندیی دیموكراتیانەی دەسەڵات و نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بە بەشداری هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە. نوێنەری ئەمریكا لەو كۆنگرەیە دڕدۆنگیی و بێمتمانەیی خۆی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا نەشاردەوە، بەتایبەتیش كە ئەحمەد شەرع لە 11ی شوبات واتە دوو رۆژ بەر لەكۆنگرەی پاریس بڕیاری كۆنگرەیەكیدا بۆ گفتوگۆی نیشتیمانیی، بەڵام بێ بەشداریپێكردنی پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە لە لیژنەی ئامادەكارییدا، ئەمەش پێچەوانەی ناوەرۆكی بڕیاری نێودەوڵەتییە سەبارەت بە سوریا.
.
خۆكێشانەوەی ئەمریكا لە ئیمزای كۆنگرەی پاریس، ئاماژەیەكی ڕوونە كە ئەمریكا بەئاسانی پشتیوانی لە دەسەڵاتدارێتی نوێی دیمەشق ناكات، بەڵكو هاوكاریكردن و هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریای بەستۆتەوە بەجێبەجێكردنی نەخشەڕێی بڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش و مەرجەكانی هەڵگرتنی سزای قانونی قەیسەر كە ئەمریكا لە 2019وە بەسەر سوریایدا سەپاندووە.
پێدەچێت بەشداریپێنەكردنی پێكهاتەكانی سوریا بەتایبەتیش كورد لە لیژنەی ئامادەكاریی بۆ كۆنگرەی نیشتیمانیی بۆ گفتوگۆ لەسەر داوای توركیا بووبێت. دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق لەیەككاتدا دەیانەوێ ئاماژە بدەنە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە دەیانەوێ بارودۆخی ناوخۆی سوریا ڕێكبخەنەوە، بەو هیوایەی دەرگای دەرەوە بەتایبەتیش دونیای عەرەبیان لێبكرێتەوە، هاوكات ترسیان هەیەو دەیانەوێ كۆریدۆرێك بۆ تەنگانە و پشتیوانێكی ستراتیژیی بۆ مانەوەی خۆیان دابینبكەن ئەویش توركیایە، بەڵام ناكۆكیی و دژبەرییەكی روون لە نێوان خواستی توركیا و مەرجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبارەی دووبارە بنیاتنەوەی حكومڕانیی سوریاوە هەیە، بۆیە ئاسان نییە هاوسەنگی راگرتن لەنێوان ئەو دوو ئەجێندایەدا. هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لەنێو کێشمەکێشی ئەمریكا و ئەوروپا و كەنداو لە لایەك و توركیا لەلایەكی دیكەدان. ئەوەی ئەمریكا و ئەوروپا داوای دەكەن، پێچەوانەی ئەوەیە كە توركیا دەیەوێت لە سوریا جێبەجێی بكات!
بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی سوریا و پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكا و ئەوروپا لە هێزەكانی سوریای دیموكرات، توركیا بەتەواوی شپرزە بووە. بە هەرچی توانای هەیە كار بۆ لەباربردنی قەوارەی رۆژئاوای كوردستان دەكات، بەڵام تا ئێستا سەركەوتوو نەبووە.
لەلایەك هەوڵدەدات بۆ فراوانكردنی كاریگەریی و نفوزی خۆی دەسەڵاتدارێتی دیمەشق كەمۆ* یاخود كەوی* بكات، لەلایەكی دیكە هەست بەترسێكی زۆری تەوژمی گۆڕانكاریی لە ناوچەكە دەكات، بۆیە دەیەوێت لە ڕێی دانوستان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) كە ماوەی 26 ساڵە لەزیندانیی ئیمرالیدا بەندكراوە، بزوتنەوەی چەكداریی كورد لە باكور هێوربكاتەوە. واتە لە یەككاتدا بە هەموو توانایەك دژایەتی كورد دەكات لە رۆژئاوای كوردستان و دەسەڵاتدارانی كورد تۆمەتبار دەكات بە پەكەكە، لە هەمانكاتدا پرۆژەیەكی بەناوی ئاشتیی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری كورد لە باكور راگەیاندووە، بەڵام پێدەچێت ئەو هەوڵەی توركیا رووبەرووی ئاستەنگی گەورە بووبێتەوە، چونکە ئاماژەكانی ئێستا بەردەستن پێمان دەڵێت ئەگەری سەركەوتنی ئەو هەوڵەی ئێستا زۆر لاوازە و ئەو پرۆسەیە وا ئاسان نییە كە لەمیدیاكان باسی لێوەدەكرێت، چونكە پرۆسەكە چەندە پێویستی بە بڕیاری ئۆجالانە، ئەوەندەش پێویستی بە بەشداری راستەوخۆی سەركردایەتی قەندیل-ی پەكەكە هەیە لە گفتوگۆكاندا.
ئەوەی تێبینی دەكرێت چەند رۆژێكە هەست بە گۆڕانكاریی لە گوتاری میدیایی پەكەكە بەرامبەر توركیا دەكرێت. لە یادی دەستگیركردنی رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)لە 15ی شوبات لە زۆربەی شارەكانی رۆژئاوای كوردستان وێنەی عەبدوڵلا ئۆجالان بەرزكرایەوە لە كاتێكدا پێشتر بەبڕیارێكی رانەگەیانراو وێنە و دروشمەكانی پەكەكە لە رۆژئاوا زۆر كەمكرابویەوە یان نەهێڵرابوو. هاوكات لەسەردانی وەفدی دەم پارتی بۆ باشور و كۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتیش كاك مەسعود بارزانیی، میدیای پەكەكە تەنها بەیەك دیڕ هەواڵەكەی بڵاوكردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دڕدۆنگی و بێمتمانەیی یاخود رازینەبوونی بەرپرسانی قەندیل لەپرۆسەی ئاشتیی.
ئەمریكا بەجۆرێك لەدڕدۆنگیی و قەلەقییەوە دەڕوانێتە حوكمڕانیی نوێی سوریا. لەلایەك كەمێك دەرگای لێكردوونەتەوە هەناسەیەك بدات، لەبەرامبەردا بەردەوام هێزی سەربازیی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی فورات و پێگەی سەربازیی خۆی لەوێ بەهێزتر دەكات، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە چارەنوسی ئەو ناوچەیە لانیكەم لەم قۆناغەدا لە دەرەوەی ئیرادەی دیمەشقە.

