ئەو هێزەی لە پێشمەرگە جیابوونەوە: پارتی هیچی بۆ نەكردین

2 ڕۆژ لەمەوپێش
فەرماندەی ئەو هێزە ئێزیدیەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە مەیدانی تەحریری بەغداد جیابوونەوەی خۆیان لە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ڕاگەیاند بە دەنگی ئەمەریکای وت، بە هۆکاری "پشتگوێخستن و ئیهانە پێکردنیان" لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و بێ هیوابوونیان لە هەرێم بە "ناچاری" جیابوونەوەی خۆیان لە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ڕاگەیاندووە و پەنایان بردۆتە بەر بەغداد. دەشڵێت لە ئێستادا ئەو هێزانە بە خێزانی هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە و ڕوویان کردۆتە بەغداد.
عەقید لوقمان گلی، فەرماندە و سەرپەرشتی هێزە جیابووەوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرباری ئەوەی ئێمە وەک هێزێک بەشداری شەڕی داعشمان کردووە، لە ساڵی 2015 فەرماندەییەکمان دروست کرد کە لە 14 بەتایۆن پێکهاتبوو، دواتر وتیان دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەویش نەکرا، دواتر هەر ڕۆژە و فەرمانێکی جیاواز لەبارەی هێزەکەمانەوە دەدرا، بەڵام هەر نەکراین بە فەرمی، چەندین جار لە دەرگای لق و ناوچە و هێزەکانی پێشمەرگەماندا، بەڵام سودی نەبوو، بۆیە بە ناچاری بڕیارماندا جیابوونەوەی خۆمان ڕابگەیەنین و ڕوو بکەینە بەغداد."
وتیشی،"هێزەکەمان پێکهاتووە لە 10 ئامر بە تالیۆنین کە لە ساڵی 2014 پلەیان عقید بووە، لەگەڵ 26ئامر سریە کە پلەیان مقدمن جگە لە وە ئەوانەی تر ئەفسەر و پێشمەرگەی ئاسایی، ئێمە پارتی بووین، من خۆم کارگێر ناوچەبووم، 17 ساڵە پارتیم، بەڵام وەک ئێزیدی هیچیان بۆ گەلی ئێمە نەکرد، واتە ئیهانە دەکراین بۆیە ئەم بڕیارەماندا."
ئەو پێشمەرگانەی جیابوونەتەوە سەر بە لیوای شەنگالن و ناسراون بە هێزەکەی قاسم شەشۆ، کە لە ساڵی 2014 ەوە وەک لیوایەکی تایبەتی ئێزیدی دروست کراون. بە قسەی خۆیان هێزە جیابووەوەکە پێکهاتووە لە 10 بە تالیۆن کە پلەیان عقید و 26 ئامر سریە بە پلەی موقەدەمن، جگە لە وە ئەوانەی تر ئەفسەر و پێشمەرگەن و ژمارەیان 1200 کەسە و سەر بە هێزەکانی 80ی پارتین.
بەڵام سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە بەغدادەوە جیابوونەوەی خۆیان لە پێشمەرگە ڕاگەیاند و دەڵێن دەیانەوێت بخرێنە سەر هێزەکانی حکومەتی عێراق.
هەرچەندە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە چەندین بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە و وتەبێژی وەزارەتەکە، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکان نەدرانەوە، تا ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی 80 هیچ لێدوانێکی فەرمیان نەبووە لەو بارەیەوە.
هاوکات دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە قاسم شەشۆ فەرماندەی لیوا ئێزیدیەکە، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
لیوا محەمەد سابر هەمەوەندی شارەزای سەربازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" جیابوونەوەی ئەو هێزانە پیلانە و هۆکارەکەی دەستێوەردانە لە هەرێمی کوردستان و دەستە لە پشت ئەم پرسەوە، هاوکات لێدانە لە کورد و لە زۆنی زەردیش، بۆیە بابەتەکە بە سیاسی دەبینم نەک سەربازی، ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکیی بەرژەوەندیخوازن و دەلالەت لە کۆمەڵگەی ئێزیدی ناکەن کە کیانێکی کوردن."
وتیشی ،" لە ڕووی سەربازیەوە ئەوە هەڵگەڕانەوەیە (تەمەڕۆدە)، واتە هەڵگەڕانەوە لە سیستەم و یاسای سەربازی و یاسای هەرێم، بۆیە دەبێت بە یاسای سەربازی سزا بدرێن ڕاپێچی بەردەم دادگا بکرێن. حکومەتی عێراقیش لەبەر ئیعتیباری هەرێم نە دەبوو قبوڵیان بکات."
سەرباری "هەڵگەڕانەوەی" خۆیان ئەو پێشمەرگانە خێزانەکانیشیان لە هەرێم بردتە دەرەوە و ڕوویان کردۆتە بەغداد، وا بڕیاریشە لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراقەوە پێوازیان لێبکرێت.
لوقمان گلی دەلێت،" وەزرەتی بەرگری عێراق پێشوازی لێکردی،ن دوو سبەی کۆبوونەوەمان لەگەڵ سودانی هەیە، وە لەگەڵ فایق زێدان و مەرجەعی سیستانیش پێشوازیمان لێدەکات و کۆدەبینەوە."
وتیشی،" کوردستانمان بەجێهێشتووە بە خۆمان و خێزانەکانمانەوە، 700 خێزان ڕۆشتوون و 500خێزانی ترمان ماوە، کە بەم زووانە هەرێم بەجێدەهێڵێن بە تەواوی."

