ئیدارەی یانەی نەورۆز بەڵگەكان بڵاو دەكاتەوە
.avif)
دوێنێ
یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز كە ماوەیەكی بووەتە جێگای سەرنجی وەرزشوانانی هەرێمی كوردستان و عێراق، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت شوێنی یاریگای نەورۆز گەشتیارییە نەك یاریگا، لاهور شێخ جەنگیش دەڵێت بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی ئەو زەویە تەرخانكراوە و بەڵگەنامەكان بڵاو دەكەینەوە.
دوای ئەوەی جەماوەرێكی زۆری وەرزشی بۆ بینینی یارییەكان روویان دەكردە یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز لە سلێمانی، هاندەران داویان دەكرد شارەوانی و حكومەتی خۆجێی سلێمانی هاوكاربن بۆ تەواوكردنی یاریگای نەورۆز، بەڵام لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: بەگوێرەى ماستەرپلانى سلێمانى شوێنى یاریگاى نەورۆز سەوزاییە و یاریگا نییە.
لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی یانەی نەورۆز ئەمڕۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كاتی خۆی بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، شارەوانی ئەو پارچە زەوییەی تەرخان كردوە بۆ یانەی وەرزشی نەورۆز. دیارە ئەو كاتە لەیلا خان لە شارەوانی سلێمانی نەبوە، ئەو دوای روداوەكانی 8ی تەمموز بوە بە سەرۆكی شارەوانی، پێدەچێت نوسراوەكانیان ون كردبێت، ئەمشەو هەمو نوسراوەكانیان بۆ بڵاودەكەینەوە بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت ئێمە لەسەر زەوی زیادەڕۆ ئەو یاریگایەمان دروست نەكردوە بۆ شاری سلێمانی."
ئیدارەی یانەی نەورۆز چەند بەڵگەیەكیان بڵاوكردەوە سەبارەت بە شوێنی یاریگای نەورۆز:
هەنگاوی یەكەم بۆ بونیادنانی یاریگای نەورۆز بۆ 10/7/2017 دەگەرێتەوە كە ئەوكات ئەندازیار یوسف یاسین سەرۆكی ئەوكاتی شارەوانی سلێمانی نوسراوێكی ئاراستەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، داوای دیاریكردنی (15) دۆنم زەوی كردووە بۆ یاریگای سلێمانی، دواتر وەزارەتی شارەوانی نوسراوێكی ئاراستەی شارەوانی سلێمانی كردووەو بڕیارەكەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵیدا ناردووە، دوتر بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی لاری نەبوونی خۆی دەرووریوە بۆ ئەوەی (15) دۆنم زەوی تەرخانبكرێت بۆ یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز.
دواتر لە ساڵی 2019 هەریەك لە شارەوانی سلێمانی و كشتوكاڵی سلێمانی و تۆماری خانوبەرەی سلێمانی و گەشتوگوزاری سلێمانی، نەخشەی یاریگای نێودەوڵەتی سلێمانیان پەسەنكردووەو هاوپێچیانكردووە بۆ ئەوەی یاریگای نەورۆز لەسەر رووبەری (15) دۆنم درووست بكرێت.

