ناردنى مووچەى مانگى دوو هیچ بەربەستێكى لەبەردەمدا نیە

17 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ بەربەستێك نییە و هەموو شتێك بەرەوپێش چووە و مووچەی مانگی شوبات بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.
سیپان شێروانی، ئهندامی لێژنەی دارایی و ئابووریی پهرلهمانی عێراق، رایگەیاند: "مووچەی مانگی شوبات هیچ بەربەستێكی لەپێشدا نییە و لە زووترین كاتدا بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، هەموو شتێك وەكوو پێویست بەرەوپێش چووە و وردبینیی لیستی مووچە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، چاوەڕوان دەكرێت تەمویل بنێردرێت و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.
سیپان شێروانی جەختی كردەوە، لیستی مووچە بە سیستەمی (پەیرۆڵ) بۆ بەغدا نێردراوە و هیچ گرفتێكی نەبووە.
ئەندامەکەی لێژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کاری زۆر باشی بۆ پرسی لیستی مووچه کردووە، وتیشی: "لیستەكە بەو شێوەیە ئامادە كراوە، كە دارایی فیدراڵ خوازیاری بووە."
ڕۆژی 26/2/2025، لیستی مووچە کە لە ڕێگەی سیستەمی (پەیرۆڵ) ئامادە کراوە، ڕەوانەی بەغدا کرا و ڕۆژی 27ی شوبات لیستەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرا.
هاوکات شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژە لە بەغدایە و هێشتا نەگەڕاونەتەوە. کاریان تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی دوو و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی وەزارەتی دارایی عێراقە لەبارەی لیستی مووچە.
یەكێک لە ئەندامانی ئەو شاندەی لە بەغدایە ڕایگەیاند "چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی ئایندەدا لەم هەفتەیە دەست بە ناردنی پارەی مووچەی مانگی دوو بکرێت، کەوتووەتە سەر ئەوەی وردبینی و ڕێکارە ئیدارییەکان کەی تەواو دەبن".
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتیشی، ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە ئەم هەفتەیە پارە دەگات.
لەگەڵ ئەوەی پارە خرایە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، لە هەرێمی کوردستان دەستبەجێ لیستی مووچەی مانگی دوو ڕادەگەیێنرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

