بکوژی شۆفێری ئەمبوڵانسەکەى سلێمانى دەستگیرکرا

15 كاتژمێر لەمەوپێش
پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت بە تۆمەتی كوشتنی هاوڵاتییەك ، لە لایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا.
بەپێی زانیارییەکان ئەوکەسەى شەوى ڕابردوو کوژرا، شۆفێری ئەمبوڵانس بووە لە فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، ئەو کەسەیشی تۆمەتبارە بە کوشتنی پوورزا و ژنبرای کوژراوەکەیە.
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی سەرچنار لەشاری سلێمانی لە ڕوداوێكدا هاووڵاتییەك بە فیشەك كوژرا و تۆمەتبار هەڵات، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو لێكۆڵینەوە بۆ دۆینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد.
بەپێى راگەیەندراوەکەى پۆلیس، سەرەنجام توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە لەماوەی كەمتر لەهەشت سەعات تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو لە ئێستادا تۆمەتبار ( خ، ئ، م ) لەدایكبووی 1972 بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بە تاوانەكەیدا.
شەوی شەممە 1ی ئازار کێشە کۆمەڵایەتییەکە لەنێوان هەردوولادا چارەسەر کراوە، بەڵام رۆژی یەکشەممە 02-03-2025 دەمەو ئێوارە شۆفێرى ئامبوڵانسەکە بە دەمانچە لەلایەن پوورزاکەیەوە کوژراوە، گولـلەیەک بەر قاچی و گولـلەیەکیش بەر دڵی کەوتووە، بە برینداری براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

