لیستی مووچە تەنیا واژۆی تەیف سامى ماوە خەرج بکرێت.

8 كاتژمێر لەمەوپێش
وردبینیکردن بۆ لیستی مووچەی مانگی شووبات تەواو کراوە و ڕادەستی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت، ئێستا تەنیا واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی ماوە تاوەکو دەست بە خەرجکردنی مووچە بکرێت.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخەرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، راپۆرتی کۆتایی گەیشتووەتە دەست تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و تەنیا واژۆی ئەوی ماوە تاوەکو دەست بە خەرجکردنی مووچە بکرێت.
لیستی مووچەی مانگی شووبات بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەکراوە و تەواوی داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێکراون، هاوکات شەشسەد و 57 هەزار و 780 کەس لە لیستی مووچەی مانگی دوو تۆمار کراون.
ئەندامێکی شاندی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕاگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی شووبات هیچ کێشەیەکی نەبووە، ئەمڕۆ وردبینی لیستەکە دەبێت و ڕادەستی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت بۆ بڕیاردان لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی دوو.
26ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی شوبات بۆ بەغدا نێردراوە".
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ئەوکات گوتی، "هیچ کیشەیەک لە لیستی مووچەدا نییە، تەنیا رێکارە کارگێڕییەکان دەکرێت و وەزارەت بە وەزارەت وردبینی لە لیستەکە دەکرێت".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "کۆتایی ئەم هەفتەیە تەمویلی مووچەی مانگی دوو دەنێردرێت و راستەوخۆ دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".
دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی ئەم ساڵ، 5ی شوبات دەستیپێکرد.
لیستی خانەنشینان کە ژمارەیان زیاتر لە 291 هەزار خانەنشینە، بە سیستمی دیجتاڵی ئامادەکراوە و لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شووبات هاوپێچ کراوە.
سیستمی پەیرۆڵ لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاری لەسەر دەکرێت و سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنییە، زیاتر لە شەش هەزار کەس لەسەر سیستمەکە کار دەکات و نزیکەی هەزار و 188 بنکەی کار کردنی هەیە.

