جۆدی ویلیامز: بانگەوازەکە ئـ.ـۆجالان دەکاتە کاندیدى وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی

4 كاتژمێر لەمەوپێش
جۆدی ویلیامز، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، هەوڵەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی ئیلهامبەخشن و دەشێت کاندیدی جددى خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بێت.
لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، جۆدی ویلیامز، وتى: دانوستانەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای ئاشتی و ئاسایش و ڕێزگرتن لە یەکتر، وایکردووە ببێتە کاندیدێکی گرنگ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، هەروەها ئەوەشى وت: ئەم پرۆسەیە عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکاتە کاندیدێکی جدی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
جۆدی ویلیامز، چالاکوانى مافی مرۆڤ، لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەیدا، جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی ئاشتی سەرکردە ئاپۆ گەشەسەندنێکی زۆر گرنگ و ئەرێنین لە ژێر رۆشنایی بڵاوبوونەوەی شەڕ و جینۆساید لە سەرانسەری جیهاندا.
هەروەها ناوبراو سەرنجی بۆ ئەو ڕاستییە ڕاکێشا کە دەبێت مەرجی گونجاو بۆ بەشداریکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەی ئاشتیدا دابین بکرێت و جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا دەبێت دڵسۆزانە وەڵامی ئەم پرۆسەیە بداتەوە.
هەروەها جەختی لە زامنکردنی ئاسایش و ژیانی ڕێبەر ئاپۆ کردەوە، داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد واز لە یارییەکانی خۆی بێنێت و دەست بە دیالۆگێکی مانادار لەگەڵ سەرکردە کوردەکان بکات و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
جۆدی ویلیامز لەدایکبووی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٠، چالاکوانی سیاسی و مافی مرۆڤی ئەمریکییە، لە سەرانسەری جیهاندا بە ڕۆڵی لە دامەزراندنی کەمپەینی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی مین و داکۆکیکردنی بەردەوامی بۆ مافەکانی مرۆڤ (بەتایبەت مافەکانی ژنان) و ڕۆڵی لە دانانی ستانداردی نوێ بۆ باشترکردنی ئاسایشی کەسی لە جیهانی مۆدێرنماندا ناسراوە.
جودی لە ساڵی ١٩٩٧ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی کە دامەزراندبووی، وەک ڕێزێک بۆ ئەو، بەهۆی کارەکانی لە لابردنی مین.

