بەرەی گەل: هەموو ساڵێک داوای راپەرینێکی تر دەکرێت

4 مانگ لەمەوپێش



بەرەی گەل ڕاگەیەنراوێکى بە بۆنەى ساڵیادى ڕاپەرینەوە بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناوبووە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەرینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات.
هەروەها هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە  بەرێکەوتنی دوو قۆڵی و بەتەنها دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمرانیە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردووە.

دەقى ڕاگەیەندراوەکە
هاونیشتمانیانی خۆشەویست
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان...
ئەمرۆ ٣٤ ساڵ تێدەپەرێ بەسەر ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلەکەمان لەباشووری کوردستان.
 ئەو راپەرینەی کەبۆ یەکەم جار لەمێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورددا توانی دەسەڵاتی داگیرکاری و دیکتاتۆری ، حوکمی ملهوڕی و تاکرەوی رابماڵێت و ماناکانی ئازادی و سەرفرازی بۆ مرۆڤی کورد بگەرێنێتەوە.

لەم روانگەوە، ئەگەر راپەرین سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێ بێت بۆ خەڵکی کوردستان کەتیایدا پایەکانی حوکمڕانی خۆماڵی لەپەرلەمان و دادگا و دامەزراوەی جێبەجێکردنی خستبێتە قاڵبی یاسایی و دەستووری و سەرەتای دانپێدانانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش بێت بەدۆزی رەوای گەلەکەمان. ئەوا ئێستا بەهۆی تاکڕەوی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیەوە ئەو حکومەتەی کە ڕاپەڕین دروستیکرد کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە.

حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناوبووە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەرینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات.

ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە  بەرێکەوتنی دوو قۆڵی و بەتەنها دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمرانیە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک ، لەدزینی دەنگی گەل ، لەسەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخواز دەبیننەوە ، ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردووە و دەبێت لەریشەوە دەربهێنرێت.

بەرزو پیرۆز بێت رۆحی شەهیدانی رێگای ئازادی و شکۆی گەلی کوردستان.

بەرەی گەل

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار