ئەگەری زۆر هەیە سبەینێ بەغدا پارەی مووچە بنێرێت

4 هەفتە لەمەوپێش




وەزارەتی دارایی کوردستان و ئەو تیمە تەکنیکییەی بۆ مووچەی مانگی دوو لە بەغدان، دەڵێن ئەگەری زۆر هەیە سبەی پێنجشەممە پارە بنێردرێت، لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئەمڕۆش مووچەی مانگی دوو لەلایەن بەغدا نەنێردرا، ئەمە لەکاتێدایە کە هەشت ڕۆژە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کار لەسەر وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی دوو دەکەن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەو تیمە تەکنیکییەی لە بەغدایە بە ئاڤا میدیایان ڕاگەیاند، ئەگەری زۆر هەیە سبەی پێنجشەممە بەغدا پارەی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بە پێچەوانەوە  ئەگەر نەنێردرا، دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.

لەبارەی ڕاگەیاندنی لیستی مووچە و دابەشکردنی، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئامادەکردن و ڕاگەیاندنی لیست کاتێکی کەمی دەوێت، ئەگەر سبەی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بخرێتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ  لیستی مووچە ڕادەگەیێنرێ و شەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بەڵام ئەگەر سبەش پارە نەنێردرێت، ناردنی دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە، واتە 9ی مانگ.

لەبارەی درەنگ ناردنی مووچەی مانگی دووش کە پێچەوانەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایە، ڕێککەوتنەکە وایە ئەبێ مووچەی مانگی دوو لە مانگی دوو بنێردرێت، واتا نابێت مووچەی مانگێک بکەوێتە مانگێکی تر.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق وتى: هۆکارەکەی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی کوردستان بوو، درەنگ لیستی مووچەی مانگی دوویان بۆ ناردین، ڕۆژی 26ی مانگ لیست نێردراوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم مانگە 28 ڕۆژ بوو، واتە تەنیا دوو ڕۆژ پێش ئەوەی مانگ تەواو بێت، چونکە ڕێککارەکانی وردبینیکردن لە لیستی مووچە وەکو خۆیان ماون، هەمان ئەو ڕێکارانەی پێشتر دەکران هەر ماون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار