دوو شاندی وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی مانگی دوو لە بەغدان

16 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەکى باڵاى وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت بەمەبەستى بەدواداچوون و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانى لیستى مووچە، دوو شاندی وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی مانگی دوو لە بەغدان.
بەوتەى ئەو سەرچاوەیە شاندەکان وەڵامی پرسیارەکانی تەیف سامی لەبارەی کێشەکانی بەردەم مووچەی مانگی دوو دەدەنەوە.
شاندێکیان پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشنینیی هەرێمی کوردستان، سکرتێر و راوێژکارێکی وەزیری دارایی.
شاندی تەکنیکی کاتژمێر سێی شەوی رابردوو و شاندەکەی دیکەش کاتژمێر حەوتی ئەم بەیانییە گەیشتوونەتە بەغداد.
شاندەکەی دیکەیان تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایین و لیستی مووچەی مانگی شوباتیان بە شێوازی پایرۆڵ ئامادەکردووە.
شاندەکە پێکهاتوون لە رێباز عەباس، راوێژکار و بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دارایی، کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، مریەم عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و ستافی سیستمی پەیڕۆڵ لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیاند، "لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە هەموو رێکارەکانی لیستی مووچەی مانگی دوو تەواوکراون، بەڵام بەهۆی پشووەوە واژۆی لەسەر نەکرا."
3ـی شوباتی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد، تێیدا سێ داواکاری لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانەی خوارەوەن:
1. پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
2. تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەجێکردن "تەوتین"ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە.
3. ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆسەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70018).
