ئەمریکا دوو فڕۆکەی دیکە چەکى گەیاندە ڕۆژئاواى کوردستان

15 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" بەرەبەیانى ڕۆژانی هەینی و شەممە دوو فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی بە یاوەری هەلیکۆپتەری سەربازی گەیاندە ڕۆژئاواى کوردستان لە بنکەى ڕمێلان لە باکووری شارى حەسەکە.
ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمرۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئەو دوو فڕۆکەیە بارکرابوون بە کەرەستەی سەربازی و لۆجستی، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی بوونی هێزەکانى ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامی بەهێزکردنی بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕۆژئاواى کوردستان دێت.
هاوکات هەفتەى پێشووش دوو فڕۆکەی سەربازی بارهەڵگری ئەمریکی، سەرباز و کەرەستەی سەربازی و لۆجیستیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان، فڕۆکەیەکیان لە بنکەی سەربازیی خەراب جیری ڕمێلانی باکووری حەسەکە، ئەوەی دیکەشیان لە بنکەی سەربازیی شەدادی حەسەکە نیشتووەنەتەوە.
لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا جێگیرکراون.
هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە 78 فڕۆکە، 246 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
لە پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى ڕژێمی پێشووى سووریا لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەردەوام کەرەستە و کەلوپەلى سەربازیى زیاتر لەڕێگاى ئاسمانى و زەمینیەوە ڕەوانەى بنکە سەربازییەکانیان دەکەن.
