لە دوو ڕۆژى داهاتوودا پارەی مووچەی مانگی دوو دەنێردرێت

9 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی کۆبووەوە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا.
بەپێى وتەى ئەو سەرچاوە، لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پارە دەنێردرێت و بە ئەگەرێکی زۆەرەوە ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، ڕەنگە سبەی بنێردرێت.

ڕۆژی یەکشەممە، 09ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "ئەمڕۆ شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق و سەرۆکی دەستەی خانەنشینانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی خانەنشینان."
 
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەو سەرچاوەیە وتی، "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان." دەشڵێت، "سبەی کۆبوونەوەی دووەم دەکرێت. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان هەردوولا دا هەبوو."

ئەندامێکی شاندە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەدا کۆنووسێک لەنێوان هەردوولا ئامادەکراوە و لەسەری ڕێککەوتوون، بەڵام ئەمڕۆ ئیمزا نەکرا. 
سەرەتای ئەمساڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن لەسەر ناردنی کۆی مووچەکانی ئەمساڵ لە کاتی خۆی، بەڵام ئێستا فەرمانبەرانی کوردستان لەنێو مانگی سێ دان کەچی بەغدا مووچەی مانگی دووی ڕەوانە نەکردووە.

سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، دەڵێت: نوێترین داواکاریى وەزیرى دارایی فیدراڵ لە شاندەکە ئەوە بووە کە 3%ـى پارەى لێبڕینى خانەنیشنى 2014 بە دواوە رادەست بکەن بەوپێیەى لەو ماوەیەدا بەغدا 10%ـى لە مووچە بڕیوە بۆ خانەنشینى لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان 7%ـى بڕیوە، بۆیە داواى ئەو 3%یە دەکات کە وەرنەگیراوە.
 
بەگوێرەى یاسای خانەنشینى یەکگرتووى عێراق، 10%ـى مووچەى فەرمانبەران بۆ سندووقى خانەنشینى دەبڕدرێت، لەکاتێکدا بە گوێرەى یاسای خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان، رێژەى بڕینەکە لە 7% بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار