مەسرور بارزانى: مەلا مستەفا عێراقی ناچار كرد، ڕێكەوتننامەی 11ى ئازار مۆر بكات

19 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی، ڕایدەگەیەنێت بەرخودانی چەندین ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی، حكوومەتی ئەوسای عێراقی ناچار كرد، ڕێكەوتننامەیەكی مێژوویی لەگەڵ كورد دا مۆر بكات.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دووپاتی دەکاتەوە، گەلی کوردستان بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و بە پێویستیشی دەزانێت، کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکرێن.
سێشەممە، 11-03-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی ساڵیادی ڕێککەوتنامەی 11ـی ئاداری 1970 بڵاو کردەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە "ئەمڕۆ یادی دەسکەوتێکی گرنگ و مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی ڕێبەری نیشتمانیمان، بارزانیی نەمر دەکەینەوە."
سەرۆک وەزیران لەم یادەدا دووپاتی دەکاتەوە "گەلی کوردستان هەمیشە خوازیاری گەیشتنە بە مافە ڕەواکانی لە ڕێگەی گفتوگۆ و شێوازی ئاشتییانە، بەڵام بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و دەستبەرداریان نابێت."
مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جەخت لە چارەسەریی بنەڕەتی و یەکجارەکی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ "لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان" دەکاتەوە.
