هەڵەبجە هەشت داواکاری ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم دەکات

19 كاتژمێر لەمەوپێش
دانیشتووانی هەڵەبجە لە بەیاننامەیەكی هەشت خاڵیدا بەزمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، داواكاریی و گرفتی شارەكەیان ئاراستەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كرد و داوای ئاوڕدانەوە و خزمەتكردنی زیاتر بۆ شارەكەیان دەكەن و قەرەبووی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەسووکاری شەهیدان بکرێتەوە.
ئەمڕۆ، لە مەزاری شەهیدان لە هەڵەبجە، كەسووكاری شەهیدان و قوربانییانی چەکی کیمیایی و دانیشتووانی هەڵەبجە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان سەبارەت بە خستنەڕووی چەند داواکارییەکیان ئەنجامدا و بە هەرسێ زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی داواکارییەکانیان گەیاند بە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان.
ئاهەنگ فەخرەدین، بەیاننامەی توێژە جیاوازەكانی هەڵەبجەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییەکەدا خوێندەوە و ئاراستەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كرد و وتی: پێویستە حكومەتی هەرێم هەنگاوی كرداری بنێت لە خزمەتكردنی كەسووكاری شەهیدان و منداڵانی ونبوو و بریندارانی چەكی كیمیایی، لە دابینكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی، تایبەتمەندی هەڵەبجە و قوربانیدانی خەڵكەكەی لەبەرچاو بگیرێت، نەك ڕێژەی دانیشووان، هەروەها حكومەتی هەرێم وەك پارێزەری خەڵكی هەڵەبجە و كوردستان فشار لە حكومەتی عێراق بكات، تاوەكوو بەرپرسیارێتییەکانی لە بەرامبەر قوربانیدانی هەڵەبجە و ئەو تاوانانەی بەرامبەری كراوە جێبەجێبكرێت، بەتایبەت قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوانی ئەو تاوانە و بە جینۆساید ناساندنی تاوانی كیمابارانی هەڵەبجە.
هەر لە داواكارییەكانی خەڵكی هەڵەبجەدا ئەوەش هاتووە، دابینكردنی بوودجەیەكی تایبەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، دادگایكردنی ئەو كۆمپانیایانەی هاوكاریی ڕژێمی بەعسیان كردووە لە دابینكردنی غازی كیمیایی و كۆمەڵكوژدنی خەڵكی شارەكە، دەركردنی بڕیارێك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆژە ڕاوەستاوەكانی هەڵەبجەوە، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی پەیوەستن بەكەسووكاری شەهیدان و قوربانییانی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە.
لەو داواكارییە هەشت خاڵییەی هەڵەبجەییەكان باسیان لەوەشكرد، دابینكردنی بوودجەیەكی ساڵانەی پێویست بۆ چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیایی، كە بەهۆیەوە بەشێكیان لەبێ چارەسەرییدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بەكاربهێنێت بۆ هاندانی وڵاتانی مرۆڤدۆست و ئاشتییخوازی جیهان، بۆ ناساندنی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە وەك تاوانی جینۆساید، پەرلەمانی داهاتووی هەرێم یەكەم كاریان پرۆژەیاسای بە جینۆساید ناساندنی تاوانی كیمیاباران هەڵەبجە بێت تائێستا ئەو كارە نەكراوە.
لەكۆتایی بەیاننامەكەشیاندا، داوایان لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و ئەوانەی پەیوەندی دۆستانەیان هەیە لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی عێراقدا کردووە، هەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، جگە لەوەش داوا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و حزبە سیاسییەكان، نووسەران، ڕۆشنبیران، كەسایەتییە ئاینییەكان و كەسووكاری شەهیدان دەکەین بەشداریی لە مەراسیمی ١٦ـی ئاداردا بکەن.
