خوێندکاران چارەنوسی ١٢ ساڵی خوێندنیان دەدەنە دەست سەنتەرەکانەوە
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی، کۆچەر فەتاح
بەردەم تۆمارگای گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پڕبوو لەدەرچوانی پۆلی ١٢، دەستە دەستە روویان لەتۆمارگا دەکرد بۆ دۆزینەوەی ناوەکانیان، بەڵام زۆرێک لەوانە بەبێ هیوایی دەگەڕانەوەو ناویان لە هیچ زانکۆو پەیمانگایەک نەهاتبۆوە.
بەرپرسانی تۆمارگا داوایان لەخوێندکارە بێهیواکان کرد کەبڕۆن فۆڕمی سکاڵا لەسایتی وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕ بکەنەوە کە بەشێوەی ئۆنلاین کارادەکرێت. بەڵام خوێندکاران دوای بێهیوایی لەسکاڵانیشیان لەچەند شوێنێک رژانە سەر شەقام و خۆپشیاندانیان سازکرد.
بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لەزانکۆو پەیمانگاکان وەزارەتی خوێندنی باڵا سیستەمی فۆڕمی ئۆنلاین پەیڕەودەکات، هەندێک لەخوێندکاران خۆیان فۆرمەکانیان پڕناکەنەوە دەیبەنە سەنتەرو پەیمانگا ئەهلیە فێرکاریەکان، لەوێ لەنێو حەشامات و جەنجاڵیدا کەتەنها چەند رۆژێک مۆڵەتی پڕکردنەوەی هەیە، سەنتەرەکان بەسەدان فۆڕم پردەکەنەوە بۆ خوێندکاران.
هەندێک لەسەنتەرەکان کەمتر ئاگایان لەخواستی خوێندکارەکان هەیەو لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا ناوی ئەو بەشە بۆ خویندکاران نایەوە کە خۆی پڕی کردۆتەوە، یان هەندێکیان سەرەڕای ئەوەی نمرەکەشی نزم نیە بەهۆی هەڵە پڕکردنەوەو ناوی نەگەڕاوەتەوە.
هاوڕێ حسێن، خوێندکارێکە کە تێکڕای نمرەکانی ٧٥ی هێناوە ، ماوەی دووساڵە فۆڕم پڕدەکاتەوە ناوی نەهاتووەتەوەو وەک خۆی دەڵێت» سێ رۆژە دێت بۆ تۆمارگاو دەستی دەستی پێدەکەن و دەڵێن دەبێت فۆڕمی سکاڵا بەشێوەی ئۆنلاین پڕبکاتەوە». ئەوان ناتوانن هیچی دیکەی بۆ بکەن».
لەسەر گلەیی و ناڕەزاییەتیەکانی ئەو خوێندکارانەی کەناویان نەهاتووەتەوە بەختیار عوبێد، بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وتی «هۆکاری نەهاتنەوەی ناوی ئەو خوێندکارانەی کە نمرەکانیان بەرزە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستەمەی کە لەسەدا ٧٠ی رێژەی کورسیەکانی وەرگرتن بۆ دەرچووانی خولی یەکەمە و لەسەدا ٣٠ی بۆ دەرچووانی خولی دووەمە چونکە نمرەی خوێندکاران لە خولی دووەمدا بەرزبووە».
بەختیار عوبێد، بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە هاوڵاتی وت»ئەو خوێندکارانەی کە ناوەکانیان نەهاتووەتەوە یان گلەییان لەشوێنی ناوەکانیان هەیە دەتوانن لە رێگەی سایتی زانکۆلاینەوە تانە بگرن لە نەهاتنەوەی ناوەکانیان و بەشێکی زۆری ئەو خوێندکارانەی کە ناویان نەگەڕاوەتەوە بەپێی نمرەی وەرگرتنی ساڵی رابردوو لەزانکۆو پەیمانگاکان فۆڕمەکانیان پڕکردوەتەوە بۆ ئەمساڵیش گۆڕانکاری بەسەر نمرەو شوێنی وەرگرتنی خوێندکاراندا هاتووە».
خوێندکار هەبووە تەنها ئەو کۆلێژەی پڕکردووەتەوە کە ساڵی رابردوو نمرەکەی خۆی لێوەرگیراوە، یان بەرزتریش بۆ ئەمساڵیش ئەگەر ئەو کۆلێژە نمرەکەی بەرزبووبێتەوە ئەوا ئەو خوێندکارە لەوێ وەرناگیرێت، بۆیە بەشێکی زۆری ناو نەهاتنەوەی خوێندکاران پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە.
وتیشی»بەشێک لەخوێندکاران ناڕازین دەڵێن خوێندکاری واهەیە نمرەکەی ٥٤ بەڵام ناوی هاتووەتەوە، بەڵام ئەوان لە ٦٠ زیاتریان هێناوە ناویان نەهاتووەتەوە، هەندێک بەش هەیە لەسەدا ٧٠ی نمرەکانیان بۆ هەژمارکراوەو لەسەدا ٣٠ی نمرەکەی دیکەشیان لەسەر کردیدیتەکانە کە بەسێ وانە یان زیاترە، خوێندکار ئەگەر نمرەکەی کەمتریش بێت بەو لەسەدا ٣٠یە شوێنی وەرگرتنەکەی بەرزدەبێتەوە».
زەیتون سەعدی، تەمەن ٢١ ساڵ خوێندکاری ئامادەیی تریفەی کچانە لەهەورامان و نمرەی ٦٠ی بەدەستهێناوە لەسەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بوو، هاتبووە سەنتەرەکە بۆ ئەوەی بزانێت بۆ ناوی نەهاتووەتەوە.
ئەو بە بێتاقەتییەوە قسەی بۆ هاوڵاتی کردو وتی «لەسەنتەرێک فۆڕمەکەم پڕکردووەتەوە، تەنها ئەو شوێنانەم لەفۆڕمەکەدا نووسیەوە کە ساڵی رابردوو وەریگرتووە، بۆیە نە لەخوێندنی ئێواران و نە پارالێڵ و نە زانکۆی ئەهلی فۆڕمی پڕنەکردووەتەوە ئێستاش ناوم نەگەڕاوەتەوە، لەهیچ شوێنێکیش وەرناگیرێم، من نازانم چی بکەم و ١٢ ساڵی خوێندنم بەفیڕۆچوو».
زۆر جار وا ریکدەکەوێت هەندێک لەو خوێندکارانەی کە لەسەنتەرەکان فۆڕم پردەکەنەوەو ناویان ناگەڕێتەوە یان بەشێکیان بۆ دێتەوە بەدڵیان نیە، بەڵام ئەگەر خوێندرکارەکەش هەر ناڕەزایەتیەکی هەبێ ناتوانێت مافی خۆی وەرگرێتەوە، چونکە بەپێی سیستمی قبوڵ مەرکەزیە.
زانا عەبدولڕەحمان، بەرپرسی راگەیاندنی پەیمانگای یاد بە هاوڵاتی وت «زیاتر لە ١٠٠ خوێندکار لە پەیمانگای یاد فۆڕمی زانکۆ لاینیان پڕکردووەتەوە، نزیکەی ٥٠ خوێندکار ناویان نەهاتووەتەوە لەهیچ زانکۆو پەیمانگایەک، بەڵام زۆربەیان ئەوانەن کەخوولی دووەمیان هەیە، لای ئێمە ژمارەیەک مامۆستاو خاوەن ئەزمونی بەتوانا فۆڕمەکانیان بۆ خوێندکاران پڕکردووەتەوە».
بۆ پڕکردنەوەی هەر فۆرمێک بڕی ٢٠-50 هەزار دینار لەخوێندکار وەردەگیرێت، بەرپرسانی هەندێک لەو پەیمانگایەنە دەڵێن ئەو سیستەمەی کەئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەرگرتنی خوێندکاران پەیڕەوی کردووە «سیستەمێکی زۆر خراپ و نادادپەروەر» بووە.
زانا عەبدولڕەحمان وتی «نادادپەروەریەکە لەوەدایە کە لەسەدا ٧٠ی بۆ دەرچوانی خولی یەکەمەو لەسەدا ٣٠ی بۆ خولی دووەم، بەجۆرێک هەر خوێندکارێک لە خولی یەکەمدا نمرەکەی لە ٦٠ زیاتر بێت ناوی هاتووەتەوە، بەڵام خوێندکارێکی دیکە کەخولی دوەمی هەیە، نمرەکەی لە ٧٢ کەمتربێت ناوی نەهاتووەتەوە».
وتیشی «ئەوان بۆ هاوکاری خوێندکاران کردویانەو هەستیان بەبەرپرسیارێتی کردووە هیچ هەڵە رودانێک رووینەداوە و ئەوان لەسەر نمرەی خوێندکاران و بەراوردکردنی بەساڵی رابردوو فۆڕمەکە پڕدەکەنەوە لەخوارو سەرو بەشەکەی خۆی و هاوتای بەشەکەی خۆی کە لەساڵی رابردوو وەرگیراوە بەشەکان بۆ خوێندکاران دادەنێن».
وتهبێژى وهزارهتى خوێندنى باڵا ئاماژه بهوه دهدات سهرجهم ئهو خوێندکارانهى که ناویان نههاتۆتهوهو یان کێشهیهکیان ههیه دهتوانن سکاڵا تۆمار بکهن.
وەکو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەندێک لەو خوێندکارانە، سێشەممەی رابردوو عهباس ئهکرهم، وتهبێژى وهزارهتى خوێندنى باڵا لهکۆنگرهیهکى رۆژنامهوانیدا وتی «خوێندکاران دهتوانن لهنێوان 25ى ئهم مانگه تا کۆتایى مانگ سکاڵا و داواکارییهکانیان بنێرن بۆ وهزارهتى خوێندنى باڵا».
ههموو ساڵێک کێشهى نههاتنهوهى ناوى خوێندکارانى پۆلى 12ى ئامادهیى دروستدهبێت و بهشێکى زۆر لهخوێندکاران بێبهش دهبن لهوهرگرتنیان لهزانکۆو پهیمانگا حکومى و ئههلییهکان.
ئهمه لهکاتێکدایه خۆپیشاندانى خوێندکارانى 12ى ئامادهیى لهسلێمانى و ههولێر دهستیپێکردووه و چاوهڕێى وهڵامى جدى وهزارهتى خوێندنى باڵاو پهروهرده دهکهن.
شەنگە حەسەن کەنمرەی ٧٥ی هێناوە لەپەروەردەی تایبەت لەچەرمۆ ناوی هاتووەتەوەو حەزی لەبەشەکەی نییە. ئەو دەڵێت کە پووری فۆڕمەکەی بۆ پڕکردووەتەوە دواتریش بردویانە بۆ سەنتەرێکی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین پێیان وتوون «زۆر باش» پڕکراوەتەوە بەس خۆی حەزی لەو بەشە نییە.
سیما خالیدی تەمەن ٢٠ ساڵ، یەکێکی دیکە بووە لەو خوێندکارانەی بە بێتاقەتیەوە قسەی بۆ هاوڵاتی کردو وتی «من دوو ساڵە لەپۆلی ١٢ی ئامادەییە ئەمساڵیش نمرەی ٧٠ی هێناوە بەڵام لەخولی دووەم بووم فۆڕمەکەشم هیچ هەڵەی تێدا نییە، ئەو دەڵێت من ئەو کۆلێژو بەشانەشم هەمووی پڕکردووەتەوە کە لەخوار نمرەکەی خۆمەوە وەرگیراوە بەڵام هەر ناوم نەهاتووەتەوە».
بەختیار عوبێد، بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سەبارەت بەپڕکردنەوەی فۆڕمەکان لەلایەن سەنتەرە ناحکومییەکانەوە بەختیار عوبێد وتی کە ئەوان وەک خوێندنی باڵا لە هەموو زانکۆ حکومییەکان ناوەندێکیان هەبووە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ خوێندکاران، «بەڵام خوێندکاران بەشێکیان خۆیان چوونەتە سەنتەرە ناحکومییەکان کە بەبرێک پارە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە کە تەنها بۆ سوودی بازرگانی دانراون ئەو سەنتەرانە».
وتیشی «خوێندکار چووەتە ئەو سەنتەرانە بەدوو جار فۆڕمەکەی بۆ پڕکراوەتەوە کە لەبەرامبەردا ٥٠ هەزار دیناری لێوەرگیراوە. دواتریش بەباشی بۆی پڕنەکراوەتەوە بۆیە هاتووەتەلای ئێمە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکەی».
بۆ ئەمساڵى خوێندن ٥٢ هەزارو ٤٢ خوێندکار بەهەر چوار رێگاى (زانکۆلاین، ڕاستەوخۆ، کریدیت، ئێواران) داواکارى خوێندنیان لەزانکۆ و پەیمانگاکان پێشکەشکردبوو، بەڵام ٢٨ هەزارو ٦٠٩یان وەرگیراون که دەکاته سەدا ٥٣ و ٢٣ هەزار و ٤٣٣ خوێندکاریش بەهۆی کەمی کۆنمرەکانیان لەزانکۆو پەیمانگەکان وەرنەگیراون
رۆژی ١٦ی ئەم مانگەش وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند کە ١٦ هەزار خوێندکاری دیکە لەزانکۆو پەیمانگاکان وەردەگیرێن، پلانی وەرگرتنی دەرچووان لەزانکۆکان بەڕێژەی 10% بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و 20% بۆ بەشەکانی دیکە زیادکراوە.