لە پینتاگۆنەوە زانیاریی هەستیار دزەی كردووە

یەک هەفتە لەمەوپێش



 

نووسینگەی وەزیری بەرگری ئەمریکا، پیت هێگسێت رایگەیاند، داوای هاوکارییان لە هەواڵگری سەربازی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکان لە ناوخۆی پینتاگۆنەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاشكرای كرد، زانیاری هەستیاری پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی ئاشکرا کراون، لەوانە پەیوەندییە نهێنییەکان، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد هەبووە.

نووسینگەی وەزیر داوای لە بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی کردووە، بە پەلە بەدواداچوون بۆ ئەو دزەپێکردنانە بكات.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان راپۆرتێکی تۆکمە بۆ وەزیری بەرگری ئامادە دەکرێت، کە وردەکاری تەواو لەبارەی ئەو دزەپێکردنانە و چۆنیەتی روودانی لەخۆ دەگرێت.

پێشتر ئیلۆن مەسک خاوەنی كۆمپانیای سپەیس ئێكس، كە ئێستا لە سەرۆكی ئەمریكا زۆر نزیكە، هەڕەشەی لە کارمەندانی پینتاگۆن کردبوو، کە رەنگە لە پشت دزەپێکردنی زانیارییەکانەوە بن و رایگەیاندبوو، بڕیارە زانیارییەکی کورت لەبارەی ئەگەری شەڕی نێوان ئەمریکا و چین وەربگرێت.

ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، چەند بەرپرسێكی ئەمریکی، کە ناوی ئاشكرا نەكراوە، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە پینتاگۆن بەنیازە رۆژی هەینی سەبارەت بە پلانەکانی سوپای ئەمریکا بۆ ئەگەری هەر شەڕێك دژی چین، زانیاری بە ئیلۆن مەسك بدات.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بەرپرسانی پینتاگۆن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیان کردەوە کە کۆبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرێت، بەڵام رەتیانکردەوە گفتوگۆکان پەیوەندی بە پلانی سەربازیی پەیوەست بە چین هەبێت.

ترامپ لەسەر پلاتفۆرمی خۆی، “تروس سۆشیال ” نووسیویەتی: “هەواڵی ساختە گەڕاوەتەوە، ئەمجارەیان لە نیویۆرک تایمزی فزوڵییەوە، ئەوان بە هەڵە نووسیویانە ئیلۆن مەسک سەردانی پینتاگۆن دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەکی کورت لەسەر “ئەگەری جەنگ لەگەڵ چین”.

ترەمپ دەڵێت، “ئەم قسە بێمانایە چییە؟ تەنانەت ناوی چین نەهاتووە و باسیشی نەكراوە، ناشیرینییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی میدیاکان متمانەی خۆیان لەدەست بدەن بەو جۆرە درۆیانە، بەهەرحاڵ، ئەم چیرۆکە درۆیەکی تەواوە”.

راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز کە کۆشکی سپی توڕە کرد، ئاماژەی بەوەبوو، کە كارێكی لەو شێوەیە لەلایەن پینتاگۆنەوە رۆڵی بەرفراوانی ماسک فراوانتر دەکات، هەروەها تیشک دەخاتە سەر پرسیارەکان سەبارەت بە ئەگەری دژبەیەكی سەرچاوەکان، بە تایبەتی کە ماسک قووڵتر دەچێتە ناو بیرۆکراسی حکومەتی فیدراڵی لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی وەک سپەیس ئێکس کە بەڵێندەرێکی گەورەیە بۆ حکومەت، جگە لەوەی بازرگانی لە چین دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار