سەرۆکى جەهەپە: ئەم جەژنە دەبێتە سوپرایز بۆ ئەردۆغان

3 ڕۆژ لەمەوپێش
ئامارى دەستگیراوانى خۆپیشاندانەکانى تورکیا بۆ زیاتر لە هەزار و 400 کەس بەرزبووەوە، سەرۆکى گشتى جەهەپەش جەخت لەبەردەوامى خۆپیشاندان دەکاتەوە و دەڵێت ئەم جەژنە دەبێتە سوپرایز بۆ ئەردۆغان.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە 19ی ئازاری 2025ەوە هەزار و 418 گومانلێکراو دەستبەسەرکراون، لەو رێژەیە 979 کەسیان لە زینداندان و 478یان دەدرێنە دادگا.
خۆپیشاندانەکان ماوەى هەفتەیەکە بەردەوامن لە دژى دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکى شارەوانى گەورەى ئیستانبوڵ و زیاتر لە 100 کەسى دیکە، بەتۆمەتى گەندەڵى و بەرتیل وەرگرتن، لەکاتێکدا جەهەپە دەڵێت پرۆسەکە بەکارهێنانى دادگایە بۆ مەرامى سیاسی و ئامانج لێی رێگریکردنە لەوەى ئیمامئۆغڵو نەتوانێت لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا کێبڕکێی ئەردۆغان بکات.
خۆپیشاندانەکە گەورەترین خۆپیشاندانە لە تورکیا لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٣ کە لە ئەستەنبوڵ لەسەر ڕووخاندنی پارکێک سەریهەڵدا.
ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە، رۆژى سێشەممە بۆ یەکەمجار لە زیندان چاوى بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کەوت، کە 19ى ئازار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستبەسەرکرا و چوار رۆژ دواتر لەلایەن دادگاوە بڕیارى زیندانیکردنى درا لەدۆسیەى تایبەت بە گەندەڵیدا، کە ئیمامئۆغڵو و جەهەپە رەتیدەکەنەوە.
ئۆزگور جەختیکردەوە کە دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ پێشێلکردنی یاسایە و بڕیاریداوە وەک کاردانەوەیەک رۆژانی جەژن سەردانی سەرۆکى پارتەکانى ئاکپارتی و مەهەپە نەکات و دەڵێت، بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و ئەم جەژنە دەبێتە سوپرایز بۆ ئەردۆغان.
رۆژى (19ـی ئاداری 2025)، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی ڕەخساندنی هەلی کار لە دامەزراوەکانی شارەوانی بۆ ئەندامانی پەکەکە و ئەنجامدانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، ئەکرەم ئیمامئۆعڵو کە دوو خولە لەسەریەک بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵدەبژێردرێت دەستبەسەرکرا و دواى بڕیارى زیندانیکردنى لەلایەن دادگاوە، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ دورخرایەوە.
دەستگیرکردنی ناوبراو لە کاتێکدایە ماوەیەکە ناوی ناوبراو پەسەند کراوە وەک کاندیدی کاندیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا ئەمڕۆیش لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە توانی نزیکەی 15 ملیۆن دەنگ بە دەستبهێنێت.
زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو'ی تەمەن 54 ساڵ دوای ئەوە دێت لە چەندین ناوچەی تورکیا ڕەتکراوەتەوە هۆڵی دیدار و کۆبوونەوە بە ئیمامئۆغڵو بدرێت تا وەک کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا، وتاری تێدا بدات و لە نوێترین پێشهاتیشدا ڕۆژێک بەر لە دەستگیرکردنی، بە گوشاری ئاک پارتیی دەسەڵاتدار سەرۆکایەتیی زانکۆی ئیستانبوڵ بڕیاریدا دانپێدانان بەو بڕوانامەیەی کاتی خۆی بە ئەکرەم ئیمامئۆعڵوی داوە هەڵبوەشێنێتەوە.
هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە گوایە هەڵەی زەق کراوە و نەدەبوو بڕوانامە بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 28 قوتابی دیکە بدرێت.
لەو ڕۆژەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستگیر کراوە، شارەکانی تورکیا بە تەواوی خرۆشاون، دەستگیرکردنی چەندین خۆپیشاندەر و ڕووبەڕووبوونەوەیان بە توندترین شێوە، شەقامەکانی بە خۆپیشاندەران چۆڵ نەکردووە.
