یاساى نوێی حەشدى شەعبى؛ دەسەڵاتى هاوتەریب لەگەڵ سوپا

5 ڕۆژ لەمەوپێش



حەشدى شەعبى لە عێراق دەبێتە خاوەنى دەسەڵاتى هاوتەریب لەگەڵ سوپا و راوێژى ئەمنى پێشکەشى حکومەت دەکات و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگری ئەنجام دەدات، ئەوەش بەپێی پڕۆژە یاساى دەستەى حەشدى شەعبى.

بەپێی پڕۆژە یاساکە، دەستەى حەشدى شەعبى بەشێک دەبێت لە هێزە چەکدارەکان و پەیوەستە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە، لە هەمان کاتدا مافی چەکدارکردنی پێدەبەخشێت بۆ پاراستنی سیستەمی دیموکراسی و دەستووری لە وڵاتەکەدا.

پڕۆژە یاساکە رۆژى 24ى ئازار لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق پڕۆژەى "خزمەت و خانەنشینی حەشدى شەعبى" کشاندەوە و ناوەکەى گۆڕى بۆ  یاسای دەستەى حەشدى شەعبى.

یاسا نوێیەکە پێناسەی "هێزەکانی حەشد" دەکات کە بەشێک لە هێزە چەکدارەکان، پەیوەستن بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و قەدەغەیە ئەندامەکانی سەر بە هیچ لایەنێک بن یان بەشداری چالاکیی سیاسی بکەن.

پەسەندکردنی یاسا نوێیەکە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یاسای پێشوو کە لە ساڵی ٢٠١٦ پەسەندکرا، هەروەها دەستەیەکى نوێ، کە لەسەر بنەمای یاسا هەموارکراوەکە دادەمەزرێنرێت، جێگەی دەستەى ئێستا دەگرێتەوە.

بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەرکی هێزەکانی حەشدى شەعبى بریتیە لە: بەشداریکردن لە پاراستنی سیستەمی دیموکراسی لە عێراق، بەرگریکردن لە وڵات، پاراستنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکەکەی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە، بەشداریکردن لە دەستەبەرکردن و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.

هەروەها حەشد پابەند دەکرێت بە دروستکردن و ڕێکخستنی سیستمێکى سەربازی یەکگرتوو لە ڕووی مەشق و پەرەپێدان چەکدارکردن و دابینکردنی نوێترین ئامێری تەکنەلۆژی، تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سیستەمی زانیاری بۆ پەرەپێدانی شێوازی کارکردنی.

هەر بەپێی یاساکە، دەستەکە زانیاری و راوێژ پێشکەش بە حکومەت دەکات لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی عێراق، لەکاتێکدا ئەوە یەکێکە لە ئەرکەکانی دەزگای هەواڵگری کە بڕیارە ڕاوێژکار بداتە دەسەڵاتداران سەبارەت بە هەڕەشەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار