ئەوقاف: لە مزگەوتی جەلیل خەیات شەوى قەدر تا یەکى شەوە

4 ڕۆژ لەمەوپێش
نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر لەبارەی هۆکاری داخستنی مزگەوتی جەلیل خەیات ڕوونکردنەوەیدا و دەڵێت: مزگەفتی جەلیل خەیات لە دوای نوێژی عیشاو تەرواویحەوە ڕاستەوخۆ لۆ شەوی قەدر دادەنیشن تاکو سەعات یەکی شەو،لەیەکی شەوەوە خواردن پێشکەش دەکرێت، ئەمەش چەندین ساڵە بەم شێوەیەیە.
ئەو وتیشى: شەوی قەدر لەگەڵ نوێژی عیشا تەواو بوو، دەست پێدەکات و یەکی شەو کۆتایی دێ و خواردن پێشکەش دەکرێت، ئیدی ھەرچی بگوترێ زیادەیە خوای گەورە کەسی ڕاستگۆی خۆش دەوێ.
شەوى رابردوو، ژمارەیەک هاوڵاتى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە و ناڕازیبونیان پیشاندا بەوەى دواى کاتژمێر 1ـى شەو، لەناو مزگەوتى جەلیل خەیات گڵۆپیان لەسەر کوژێندراوەتەوە و پێیان وتراوە “بچنە دەرەوە مزگەوت دادەخرێت”.
ئەو هاوڵاتیانە باسیان لەوە دەکرد، چۆن دەبێت لە شەوانى قەدر، مزگەوت بەڕووى نوێژخوێنان و میوانانى ماڵى خوا دابخرێت، لەسەر ئەوە گرتەى نارەزایەتییان بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێن کە گڵۆپیان لەسەر کوژێندراوەتەوە و پێیان وتراوە “لۆ مارێ”.
