ترەمپ داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە ئێران كردووە

3 ڕۆژ لەمەوپێش



 

محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق ئاشكرایدەكات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە نامەكەیدا بۆ تاران، داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكانی عێراقی لە ئێران كردووە.

باڵیۆزی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " الشرقیە" وتیشی، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی ئەمنیی یاسایی عێراقییەو بەغداد بڕیاری لەبارەوە دەدات، ئێران چی پەیوەندیەكی بەوەوە هەیە تا لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆی لەبارەوە بكات.

سەبارەت بە داواكەی واشنتۆن لە تاران، ئال سادق وتی، داوای هەڵوەشاندنەوەو تێكەڵاوكردنی حەشدی كردووە بە هێزە ئەمنیەكانی عێراق، جەختیشكرد لەوەی، تاران ئامادەیە تەنها گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن بكات، ئەوە لەكاتێكدایە، لە دوای دەستبەكاربونی دۆناڵد ترەمپەوە، ئەمریكا داواكارییەكانی لە تاران لە دوو دۆسیەوە زیادكردووە بۆ چوار دۆسیە، كە ئەوانیش: دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمییەكەى، دۆسیەی بەرنامە موشەكییەكانی ئێران، دۆسیەی حەشدی شەعبی، دۆسیەی گروپە چەكدارەكان (كە پێدەچێت تەواوی گروپە هاوپەیمانەكانى ئێران لەناوچەكە بگرێتەوە نەك تەنها گروپەكانی عێراق).

قسەكانی باڵیۆزی ئێران لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لەكاتێدایە، تائێستا چەندین بەرپرسی عێراق لە سەرویانەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا رەتیكردووەتەوە، ئەمریكا هیچ دوایەكی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێكەڵاوكردنی بە هێزە ئەمنیەكانی عێراق پێشكەش بە عێراق كردبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار