ڕاپرسییەک: جەهەپە و ئیمامئۆغڵو لە پێش ئاکپارتی و ئەردۆغانەوەن

3 ڕۆژ لەمەوپێش



 

بە گوێرەى راپرسییەک، کە پاش دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کراوە، دەریدەخات جەهەپە 33% و ئاکپارتی 30%ـی دەنگەکانى هەڵبژاردنى داهاتوو بەدەستدەهێنن و ئیمامئۆغڵو لەبەرامبەر ئەردۆغاندا بەربژێربێت، لانیکەم بە جیاوازیی 7% دەبێتە سەرۆککۆمار.

راپرسییەکە لە 26 پارێزگای تورکیا لەلایەن کۆمپانیای "سەر ئار بۆ راپرسی" کراوە، دوو هەزار کەس بەشدارییان کردووە و پرسیاری ئەوە کراوە، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت دەنگ بە کام پارت و کام بەربژێر دەدەیت.

بەگوێرەی راپرسییەکە دەنگی جەهەپە 33.8%، ئاکپارتی 30.2%، پارتی دەم 10.4%، مەهەپە 7.5%، زەفەر 6.4%، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ 5.9%، ئیی پارتی 2.4٪ و پارتی کرێکارانی تورکیا 1.6% و دەنگی ئەوانی دیکە 1.8%ـى دەنگەکان بەدەستدەهێنن.

هاوکات پرسیار لە بەشداربووانی راپرسییەکە کراوە ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و رەجەب تەیب ئەردۆغان رکابەریی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بکەن، دەنگ بە کامیان دەدەیت، ئیمامئۆغڵو 47.2% و ئەردۆغان 40.3%ـی دەنگەکانی بردووتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئازاری رابردوودا، جەهەپە 37.8% و ئاکپارتی 35.5%ـی دەنگەکانیان هێنا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار