سوپاى پاسداران: بەنارمەى موشەكی و بەرەی مقاوەمە قابیلی گفتوگۆ نیە

3 ڕۆژ لەمەوپێش
جەنەراڵ عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمزی کرد، ئەگەر وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی بکرێتە سەر.
ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری داخستنی گەروەکە لەلایەن فەرماندە باڵاکانی وڵاتەوە دەدرێت، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش بەرپرسیارێتی منە.
تەنگسیری وتیشی، ئێران چاوپۆشی ناكات لە هیچ هێرشێک بكرێتەسەری، هیچ کەسێک ناتوانێت لێمان بدات و دەربازبێت، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بین بەدوایەوەبین بۆ کەنداوی مەکسیک، ئەوا ئەو کارە دەکەین.
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران جەختیكرد، وڵاتەکەی ناچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکییەکەی یان تواناکانی بەرەی مقاوەمە و، ئەم پرسانە بۆ گفتوگۆ نین.
ئەو هەڕەشانە لەکاتێکدایە کۆمارى ئیسلامى ئێران بە چوار خاڵ وەڵامى نامەکەى دۆناڵد ترەمپى داوەتەوە کە تێیدا دوو مانگ مۆڵەتى بۆ تاران دیاریکردبوو کە یان بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەمەریكا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی، یاخود بژاردەی سەربازی هەڵدەبژێرێت.
لەدوو رۆژى رابردوودا، ئێران لەڕێگەی میرنشینی عوممانەوە وەڵامى نامەکەى ترەمپى دایەوە كە تێڕوانینی ئێرانی تێدا ڕوونكراوەتەوە، سەبارەت بە دۆخی ئێستا و نامەكەی ترەمپ.
وەڵامى ئێران بۆ نامەکەى ترەمپ بەسەر چوار خاڵدا دابەشکراوە و بە جیا و بە وردی وەڵامی هەر بڕگەیەکى نامەکەی داوەتەوە، بە بەکارهێنانی زمانێکی گونجاو لەگەڵ ئەو زمانەی کە ترەمپ بەکاری هێناوە، ئەوەش بەوتەى چەند سەرچاوەیەکى ئێرانى بۆ رۆژنامەى عەرەبی جەدید.
