ئێران: دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا خراوەتە بەرنامەی کارەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



فاتمە موهاجرانی گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، وەڵامی ئێران بۆ نامەکەی ترەمپ ئامادەکراوە و گەیەندراوە بە کۆشکى سپی، دەڵێت، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا خراوەتە بەرنامەی کار و پرۆسەی دیپلۆماسی بەردەوامە.

موهاجرانی نەیگوتووە ئەم دانوستانە ناڕاستەوخۆیانە لەڕێی کام وڵاتى نێوەندگیرەوە بەڕێوەدەچن، بەڵام دەڵێت، تەنها سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت، لەکاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت بەرنامەی مووشەکی و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەش بگرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە سەبارەت بە ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ بۆ خامنەیی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیاندووە، ناوەڕۆکی نامەکانی ئێران و ئەمریکا بە نهێنی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی بەرژەوەندییەکانی وڵات پێویستی پێیەتی.

رۆژی شەممە، بەرپرسێكی باڵای ئێرانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، "لە وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەرمان، بنکەی سەربازی دیێگۆ گارسیا دەکرێتە ئامانج".

دیێگۆ گارسیا، دوورگەیەکە بە رووبەری 30 کیلۆمەتر دووجا، سەر بە بەریتانیایە، دەکەوێتە زەریای هیندی بە دووری سێ هەزار و 800 کیلۆمەتر لە باشووری ئێران.

لە دوورگەی دیێگۆ گارسیادا بنکەیەکی سەربازی تێدایە بە هەمان ناوی دوورگەکە و سەر بە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیایە، بەڵام بە رێککەوتنێكی ساڵی 1966، بنکەکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئەمریکا و ئێستا بە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت لە رێگەیەوە کۆنترۆڵی دەریا و ئاسمانی بەشی زۆری ناوچەکانی ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار