وتەبێژی حکومەت: سودانی دەستوەردانی لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن نەکردووە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە سودانی بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەستوەردانی کردبێت.
باسم عەودای گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە، ئەو قسانەی لەبارەی دەستوەردانی حکومەت یان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانەوە دەکرێت، بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن دەکرێت دوورن لەڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.
سودانی باوەڕی تەواوی بە سەربەخۆیی دامەزراوە ئاینییەکان هەیە، بۆیە جێی داخە هەندێک لە سیاسییەکان هەوڵدەدەن دامەزراوە ئایینییەکان بخزێننە نێو بازنەی ململانێ سیاسییەکانەوە.
هەروەها باسم عەوادی دەڵێت، سەرۆکوەزیران بڕوای بەوە هەیە دامەزراوە ئایینییەکان لە بازنەی کاری خۆیان سەربەخۆبن، دیاریکردنی رۆژی جەژنیش بابەتێکی ئایینییە و زانایانی ئایینی بڕیاری لێدەدەن، بۆیە سودانی خۆی لە دەستوەردان لەو جۆرە بابەتانە دووردەخاتەوە.
