ئێران هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا دەکات
.jpg)
2 ڕۆژ لەمەوپێش
گۆڤاری نیوزویکی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران هۆشداری داوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە دەبنەوە ئەگەر ئەمەریکا هەنگاوی سەربازی دژی ئێران بنێت.
ئەمیر عەلی حاجی زادە، سەرۆکی یەکەی ئاسمانی سوپای پاسداران لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیدا هۆشداری دا، کە سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لە دۆخێکی لاوازدان. گوتیشی: وەک ئەوە وایە لە خانوویەکی شووشەییدا دانیشتبن، کاتێک ماڵەکەت لە شووشەیە، نابێت بەرد لەکەسانی دیکە بگریت.
دوای ئەوەی ترەمپ سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، کە لە ساڵی 2018دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە سزای ئابووریی توند بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت. بەڵام سەرەڕای ئەم فشارانە، ئێران چالاکییەکانی زیاتر کردووە و دەڵێت: بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنییە. بەڵام لەگەڵ لاوازبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ، دۆخەکە ناجیگیر دەبێت.
هۆشدارییەکەی عەلی حاجی زادە، دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی 'ئێن بی سی' دا ڕایگەیاندبوو، کردەی سەربازی دژی ئێران ئەگەرێکی ڕاستەقینەیە. ترامپ گوتیشی: ئەگەر ئێران ڕێکنەکەوێت، شەڕ ڕوو دەدات. ئاماژەی بەوەش کردووە "بۆردومانکردنەکەشی هاوشێوەی ئەوانە دەبێت کە پێشتر نەیانبینیوە."
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماریی ئیسلامی ئێران، وەڵامی ترەمپی دایەوە و بەڵێنی دا، ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشی بکەنە سەر، ئەوە بەرپەرچدانەوەی بەهێزیان دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامە تایمزی ئێران، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە "مووشەکەکانی ئێران لە سەرجەم شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان لەسەر سەکۆکانیان بارکراون و ئامادەن بۆ هەڵدان و دەڕواننە سنووری عێراق"، گۆڤارەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. جەختیشی کردەوە، لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێک، زیانی زۆری بۆ حکوومەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت.
سەرەتای ئەم مانگە، ترەمپ نامەیەکی بۆ خامنەیی نارد و داوای دانووستانی ئەتۆمی کرد و لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا لە ئەگەری کردەیی سەربازیی، بەڵام نامەکە بە خێرایی لەلایەن خامنەییەوە ڕەت کرایەوە و ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد، هەوڵی چەواشەکردنی جیهان دەدات، چونکە دەڵێت، ئێران ئامادە نییە دانووستان بکات.
