مانگی نەهامەتیی بۆ درۆنە تورکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا

7 كاتژمێر لەمەوپێش
مانگی ئازاری ئەمساڵ خراپترین بووە بۆ درۆنە تورکییەکان، بەجۆرێک تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا، بەلایەنی کەمەوە دوو درۆنی ئاکنجی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا خراونەتە خوارەوە.
بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆربیس-ی ئەمەریکی، سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ بەهێزی و کارایی درۆنە تورکییەکان، بەڵام لە ماوەکانی رابردوو ژمارەیەک درۆنی تورکی لە ناوچە و بارودۆخی جیاوازدا خراونەتەخوارەوە، ئەوەش گومانی لەسەر کارایی درۆنە تورکییەکان دروستکردووە.
وەک لە راپۆرتەکەی گۆڤاری فۆربیسدا هاتووە، لە 16ـی ئازار، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، درۆنێکی تورکی جۆری ئاکنجیان خستەخوارەوە و ڤیدیۆکەشیان بڵاوکردەوە. پەکەکە بە بەکارهێنانی موشەک و درۆنی خۆکوژ توانی درۆنە تورکییەکە بخاتە خوارەوە.
فۆربیس نوسیویەتی: "پەکەکە هەر ئامرازێکی بەکارهێنابێت، سەلمێنەری ئەوەیە کە توانایان هەیە درۆنە تورکییەکان بخەنەخوارەوە".
لە رۆژئاوای کوردستانیش، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە کۆتاییەکانی 2024 توانیان درۆنی جۆری بەیرەقدار TB2 و ئانکا بخەنەخوارەوە.
تێکشکان و خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکان تەنها لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو لە 31ـی ئازاری 2025 لە وڵاتی مالی لە کیشوەری ئەفەریقا درۆنێکی تورکی لە جۆری ئاکنجی خراوەتە خوارەوە، فۆربیس وای نوسیوە.
لە رابردوودا ئەنقەرە هەڵمەتێکی گەورەی بۆ بەبازاڕکردنی جۆرە جیاوازەکانی درۆنی وڵاتەکەی کردووە، جۆرەکانی ئاکنجی و TB2، زۆرترین هەناردەیان هەبووە بۆ وڵاتانی دیکە. تورکیا پێشوەختە رێککەوتنی لەگەڵ 11 وڵاتدا کردووە بۆ هەناردەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و درۆنی تورکی، بەڵام شکست و کەوتنەخوارەوە درۆنە تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و ئەفەریقا رەنگە پێشهاتێکی خراپ بێت بۆ ناوبانگی درۆنە تورکییەکان.
لەکۆتایشدا فۆربیس نوسیویەتی: "خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکان لە مانگەکانی رابردوودا کاریگەرییان لەسەر ناوبانگی درۆنە تورکییەکان کەم نەبووە، بەتایبەتی خستنەخوارەوەی چوار لە هەرە درۆنە پێشکەتووەکانی تورکیا"، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بەڵام خستنەخوارەوەی دوو درۆنی ئاکنجی لە ماوەی دوو هەفتەدا کاریگەرترین گورز بووە لە ناوبانگی درۆنە تورکییەکان"، چونکە ئەو درۆنانە لە هەرە پێشکەتووەکانن.
