نوری مالیکی: هەڵبژاردن دوابخرێت عێراق هەڵدەوەشێتەوە و شەڕ روودەدات

6 كاتژمێر لەمەوپێش
نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا هۆشداریى هەڵوەشاندنەوەى عێراق و روودانى شەڕ دەدات، ئەگەر هەڵبژاردنى پەرلەمان دوابخرێت کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
مالیکى رۆژى دووشەممە ئاماژەى بەوەکرد، دەبێت ئاڵوگۆڕى دەسەڵات لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بێت و هەر هەوڵێک بۆ پێکهێنانى حکومەت لەدەرەوەى هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە.
قسەکانى مالیکى لەو بارەیەوە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە بەپێی یاسا، دەبێت وادەی دەنگدان لانى کەم 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان دیارى بکرێت، بەو پێیەش دەبێت پێش 25ی تشرینی دووەمی 2025 وادەى هەڵبژاردن دیارى بکرێت.
بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر مافى دەنگدانیان هەیە کە زیاتر لە ملیۆنێک کەسیان یەکەمجارە مافى دەنگدانیان هەیە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردن، پێشنیازى هەموارى چوارەمى یاساى هەڵبژاردنەکان لە عێراق پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرا کە تێیدا داواکراوە کاندیدى لایەنەکان سنوردار بکرێت و 30%ى کورسییەکانى هەر بازنەیەک بۆ کاندیدانى سەربەخۆ و لیستى کراوە تەرخان بکرێت.
