وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەست بەسەر 400 هەزار حەبی کەپتاگۆندا دەگرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 400 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆندا گرتووە.

وەزارەتەکە لە پەڕەی فەرمیی خۆی بڵاویکردووەتەوە، هەوڵێکی بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەریان پوچەڵکردووەتەوەو توانیویانە دەست بەسەر 400 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری کەپتاگۆن بگرن، کە ئامادەکرابوون لە رێگەی رووباری فوراتەوە بە قاچاخ بهێندرێتە ناو خاکی عێراق.

وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، حەبەکان لەڕێگەی کامێرای گەرمییەوە ئاشکراکراون، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ رێگری لە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لەسەر سنوورەکان. 

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، حەبەکان لەدەبەدا شاردرابوونەوە و ئامادەکرابوون لەناوچەی باغۆزى سووریاوە و بە رێگەى رووبارى فورات بهێندرێنە ناو خاکى عێراق.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیکردووەتەوە، رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر و ئەو ماددانەی دەستیان بەسەرداگیراوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە عێراق، دەستبەسەر زیاتر لە 12 تۆن ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکاندا گیراوە.

کاپتاگۆن یان فینیتۆین پێکهاتەیەکی کیمیایی و دەرمانییە کە لە ساڵی 1961 دروست بووە و ئەم مادەیە وەک دەرمان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک حاڵەت وەک چالاکی زۆر(فرە جووڵە) و خەمۆکی بەکارهێنراوە، بەڵام دواتر بەهۆی دۆزینەوەی دەرمانی باشتر و زیاتر بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانیەوە، بە مادەی هۆشبەر دادەنرا و بەکارهێنانی قەدەغەکرا.

کاریگەری سەرەتایی خواردنی کاپتاگۆن جۆرێکە لە خۆشحاڵی(سەرخۆش بوون)، بەڵام وەک مادە هۆشبەرەکانی دیکە دواتر زیانێکی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەی بە شێوەی حەب دەخورێت بە کارهێنانی ئاسانترە و هاوکات بە نرخێکی هەرزانتر و ئاسانتر دەگات دەست بەکارهێنەران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار