حزبوڵڵای عێراق ڕەتی دەکاتەوە چەکەکانیان دابنێن

4 مانگ لەمەوپێش
کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز و ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکاتەوە کە باس لە چەکدانانی بەشێک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق دەکەن.
ڕاگەیەندراوەکەی حزبوڵڵای عێراقی لە وەڵامی ئەو هەواڵەی ئاژانسی ڕۆیتەرزە کە دوێنێ دووشەممە لەسەر زاری ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بڵاوی کردەوە، گوایە بەشێک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ خۆ بەدوورگرتن لە ئالۆزیی لەگەڵ ئەمەریکا و توڕەیی ئیدارەی ترەمپ، بڕیاریان داوە خۆیان لە چەک دابماڵن.
هەروەها زانیارییەکانی ڕۆیتەرز ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە، هەر لێدوانێک بە ناوی ئەندام و فەرماندەکانیانەوە درا بێت، لێدوانی فەرمی نین و تەنیا گوزارشتە لە ڕا و بۆچوونی خۆیان، نەک کەتیبەکانی حزبوڵڵا.
جەختیشی کردووەتەوە، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی تەنیا لە ڕێگەی محەممەد موحی، گوتەبێژی فەرمی و جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی باڵی سەربازیان هەڵوێستی فەرمیی خۆی بڵاو دەکاتەوە، هەربۆیە جگە لەم دووانە هەر کەسێک هەر چییەک بڵێت "دوورە لە ڕاستی".
ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی داوە، کە گفتوگۆی لەگەڵ شەش سەرکردەی گرووپە میلیشیاکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدو شوهەدا، بزووتنەوە ئەنسارو ئەوفیا کردووە، بەڵام نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت و زانیارییان پێی داوە، کە بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان ئامادەن بۆ ئەوەی خۆیان لە شەڕی ئەمەریکا بەدوور بگرن چەکەکانیان دابنێن.
