شەوی رابردوو 19 کەس لە هێرشێکى ئیسرائیلدا لە غەززە کوژران

یەک هەفتە لەمەوپێش
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، شەوی رابردوو 19 کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و دەیانی دیکە برینداربوون.
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی خوێناویی ئیسرائیل لە شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر کەرتی غەززە، 19 هاووڵاتی لە نێویاندا ژمارەیەک منداڵ شەهیدبوون."
لەلایەکى دیکەوە لەدواى کۆبونەوەى لەگەڵ ترەمپ شەوى ڕابردوو، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ستایشی خۆی بۆ پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چۆڵکردنی دانیشتوانی غەززە لە کاتی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەدا دووپاتکردەوە.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتوانی غەززە "قەتیس"ن لە کەرتی غەززە و ڕێگەیان پێنادرێت بچنە دەرەوە، هەرچەندە ناوچەیەکی ململانێیە. "ئێمە زیندانیمان نەکردوون".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەناوەوە نایانهێڵینەوە. ئەو دۆخەی بەراورد کرد بە ململانێکانی دیکە، وەک ئۆکرانیا و سوریا، کە خەڵک ڕێگەیان پێدەدرا لە شەڕ هەڵبێن. ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەیە کە ئامادەن دانیشتوانی غەززە قبوڵ بکەن، بەڵام ڕەتیکردەوە ناسنامەی ئەو وڵاتانە ئاشکرا بکات.
تەنها لە ماوەی سێ هەفتەی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە غەزە نزیکەی 400 هەزار کەس لەنێوخۆی کەرتەکە ئاوارەبوون، کە یەکسانە بە پێنجیەکی فەڵەستینییەکانی غەزە.
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو 400 هەزار کەسەی ئاوارەبوون، هیچ گرەنتییەکی سەلامەتی و مانەوەیان لە ژیان بۆ نەکراوە، ئەمەش بەرپرسیارییەتی ئیسرائیلە بەوپێیەی هێزی داگیرکارە.
لە 18ـی مانگی رابردووەوە ئیسرائیل دەستی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حەماس کردووەتەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا توانیوییەتی دەست بەسەر ناوچەیەکی فراوانی غەزەدا بگرێت و زیاتر لە سەدا 50ـی خاکەکەی کۆنترۆڵبکات.
