هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کۆدەبێتەوە

2 مانگ لەمەوپێش
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بکات و تێیدا تاوتوێی ژمارەیەک پرسی سیاسی گرنگ لە وڵاتدا بکات، لەوانە ڕازیکردنی سەدر بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنەکان و تاوتوێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان و ئامادەکارییەکانی حکومەت هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئەجێندای کۆبوونەوەکە پەیوەست دەبێت بە ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق لەخۆدەگرێت و چەند مانگ جارێک لەسەر چەند پرسێکی هەنووکەیی پەیوەست بە دۆخی وڵات بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە قسەی بۆ میدیای عێراق کردووە، لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکرێت کە دووشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، هاوکات تاوتوێی میکانیزمەکانی ڕازیکردنی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکەدا میکانیزمی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی فەرمیدا تاوتوێ دەکرێت کە ئەنجوومەنی وەزیران لەدوایین دانیشتنی خۆیدا دیاری کردبوو و هەروەها پرس و خشتەی بودجەی گشتی و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و دۆسیەی ناڕەزایی مامۆستایان لەسەرتاسەری وڵات و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان تاوتوێ دەکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە 9ـی نیسان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11ـی 11ـی وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستنیشان کرد و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیە پیشاندا.
