کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمنیی عێراق و تورکیا بەڕێوەچوو

2 مانگ لەمەوپێش



 

لە تورکیا کۆبوونەوەی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا بەڕێوەچوو، پرسە ئەمنیی و سیاسییەکان تاوتوێکران.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ، لەدوای کۆبوونەوەی باڵای میکانیزمی ئەمنیی عێراق و تورکیا، هەریەکە لە بەغداد و ئەنقەرە، جەختیانکردووەتەوە لەسەر یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی لە بواری ئاسایشی سنورەکان.


ئەمڕۆ عێراق و تورکیا، بە بەشداری وەفدی فەرمی باڵای هەردوو وڵات، پێنجەمین کۆبونەوەی ئاسایشی ئاست باڵایان لە ئەنتاڵیا ئەنجامدا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، وەفدەكەی عێراق لەلایەن فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی كراوە، هەریەك لە سابت عەباسی، وەزیری بەرگری، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، رێبەر ئەحمەد خالید، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، حەمید شەتری، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری و، محەمەد رەزا حسێنی، بەرپرسی فەرمانگەی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەشداربوون. 

وەفدەكەی تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە، هەریەك لە یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی و، ئیبراهیم کاڵن، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و، مونیر قەرە ئۆغڵو بریکاری وەزیری ناوخۆ، بەشداربوون.

لە كۆبونەوەكەدا، میكانیزمەكانی پتەوكردنی هاریکاری ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات و هەماهەنگی هاوبەش لەسەر پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش تاوتوێکراوە، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمایەتی.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، رایگەیاندووە، حکومەتی عێراق پشتیوانی لە دەستپێشخەریی حکومەتی تورکیا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران تاکە رێگایە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی سەرتاسەری.

دوابەدوای تەواوبونی كۆبونەوەكە، وەفدەكەی عێراق و توركیا بەیاننامەیەكی هاوشیان بڵاوكردووەتەوەو تیایداهاتووە:
_ رێزگرتن لە پاراستنی سەلامەتی و سەروەری خاكی یەكتر.
_زیادكردنی هەماهەنگی و هاوكاری لە سەرجەم بوارەكان، بە بواری سەربازی و پاراستنی ئاسایشی سنورەكان و روبەڕوبونەوەی تیرۆرو پێشەسازی بەرگری و وزەو ئاو و پرۆژەی رێگای گەشەپێدان.

_پتەوكردنی پەیوەندی دووقۆڵى لەبواری دامەزراوەیی و، گرنگیدان بە بایەخی سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی لە (8)ی ئایاری داهاتوو بۆ توركیا، بۆ گرێدانی چوارەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای هاوكاری ستراتیجی.

_كۆبونەوەكە جەختی لە گرنگی جێبەجێكردنی داواكەی عەبدوڵا ئۆجەلان كردووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكاران و دانانی چەك.

_پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمپی هۆل و رۆژ و كەمپەكانی تر لە سوریا.
_هەردوولا پێشوازییان لە كۆبونەوەكەی نێوان ئێران و ئەمریكا كردووە لە مەسقەت، جەختیان كردووە بەردەوامبونی گفتوگۆكان رێگا خۆشدەكات بۆ چارەسەرێكی ئاشتیانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار