غەززە ماوەی ٤٥ ڕۆژە بێ هاوکارییە

18 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیگەرانی خۆی لە برسییەتی لە کەرتی غەززە دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە دانیشتووانی غەززە ئاوی خواردنەوەیان پێ ناگات.
مارگریت هاریز، گوتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، کەمیی کەلوپەلی پزیشکی و دەرمان لە کەرتی غەززە زۆر کەمە و کار دەکەین بۆ هێنانی هاوکاریی پزیشکی بۆ چارە کردنی بریندارانی بۆمبارانی بەردەوامی غەززە.
ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرجار مۆڵەتی هێنانی هاوکاریی پزیشکی بۆ ناو کەرتی غەززە وەرناگرین.
هاریز دەشڵێت: ئێمە نیگەرانین لەو برسێتییەی کە ڕووبەڕووی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە دەبێتەوە، بەتایبەتی منداڵان، باسی لەوەش کرد، دانیشتووانی کەرتی غەززە دەستیان بە ئاوی پاک ناگات.
ئیسرائیل لە 18ی مانگی رابردوو هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە لە سەرەتای مانگی ئادار کۆتایی هات.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی بن گۆریۆن، ئێستا ئیسرائیل دەستی بەسەر زیاتر 50٪ی کەرتی غەززە دا گرتووە. لە سەرەتای جەنگەکەش لانیکەم 133 هەزار غەززەیی کەرتەکەیان بەجێهێشتووە.
ئەمە جگە لە بلۆککردنی هاوکارییەکان و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی ئەو مانگەی ئیسرائیل دەروازەکانی غەززەی بە رووی هاوکارییە مرۆییەکاندا داخستووە، ئەو رێکخراوە 170 جار هەوڵیداوە هاوکاریی بگەیەنێتە غەززەییەکان و ئیسرائیل رێگری دوو لەسەر سێی کردووە.
ئیسرائیلییەکان رایانگەیاندووە لەگەڵ چەندین وڵات؛ لە گفتوگۆدان بۆ گواستنەوەی غەززەییەکان.
