عێراقچى لەگەڵ هاوتا عێراقی و تورکی، سعودییەکەی بە تەلەفۆن قسەى کرد

18 كاتژمێر لەمەوپێش
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ فوئاد حوسێن هاوتا عێراقیەکەی و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و فەیسەڵ بن فەرحان و عەبدولڕەشید بن راشد ئەلزیانی وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و بەحرێن قسەى کرد.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا وەزیری دەرەوەی ئێران دۆخی ناوچەکە، دوایین پێشهاتەکان، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسی دانوستانی ئەتۆمی وڵاتەکەی لەگەڵ هەر چوار هاوتاکەی تاوتوێکردووە.
بە گوێرەی میدیایی ئێران، هەر چوار وەزیر پیشوازیان لە رێگای دیبلۆماسی بۆ چارەسەریی کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە، هیوایان خواستووە دەرئەنجامەکانی دانوستانەکە کاریگەری ئەرێنی بەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەبێت ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەیان بۆ هاوکاری و پەرەوپێشچوونی رەوتی دانوستانەکان بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی دەربڕیوە.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچى، سوپاسی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و هاوکاری رابردووی هەرچوار وڵاتی تایبەت بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە کردووە رایگەیاندووە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی خوازراو بەردەوامە.
لە کاتێدایە رۆژی شەممە 11ـی نیسانی 2025 خولى یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریكا بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەت بەڕێوەچوو، بڕیارە شەممەی داهاتوو19ـی ئەم مانگە خولی دووەمی دانوستانەکان جارێکی دیکە بە نێوەندگیری عومان هەر لە مەسقەت بەڕێوەبچێت.
