سودانى کودەتا بەسەر چوارچێوەى هەماهەنگیدا دەکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چوارچێوەى هەماهەنگى سەرسام کرد بە ڕاگەیاندنی خۆکاندیدکردنەوەى، بەو هۆیەشەوە پێدەچێت پەنا بۆ بژاردەى هەموارى یاساى هەڵبژاردن بباتەوە، لەکاتێکدا پێشتر جەختى لەسەر هەموارنەکردنى دەکردەوە.
رۆژى چوارشەممە محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەى بەشداریکردنى لە دیدارى زانکۆى ئەمەریکى لە سلێمانى بەشداریکردنى لە هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردنەوەى بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران ئاشکراکرد، دواتریش لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک بڕیارەکەى دوبارە بڵاوکردەوە و پاش چەند خولەکێک سڕییەوە.
سەرچاوە سیاسییەکانى یەکێک لە حزبە شیعەکانى پێکهێنەرى چوارچێوەى هەماهەنگى، قسەکەى سودانى بە "کودەتا بەسەر لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو" وەسف دەکەن و پێیانوایە، گۆڕانى هەڵوێستى سودانى لەو بارەیەوە پەیوەندى بە سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی بازرگانی ئەمەریکا بۆ بەغداد و دیدارەکەی لەگەڵ سودانى هەبووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى مەدا.
بەوتەى سەرچاوەکان، چاوەڕواندەکرا سودانی سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سیاسی بکات بەڵام خۆی کاندید نەکات، لەبەرانبەر داواى لایەنە شیعەکان بۆ دەستبەرداربوون لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
دەشڵێن، لیژنەیەکی تەکنیکی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا کە تایبەتمەندە لە هەڵبژاردن، پێشبینی ئەوە دەکەن سودانی لانیکەم 100 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکات.
بەوتەى سەرچاوەکان، چوارچێوە رێککەوتووە لەسەر "کۆنەکردنەوەی دەنگەکان" لە بەرژەوەندی هیچ بەرپرسێکی جێبەجێکار، بۆیە پێشنیازێک خراوەتەڕوو بۆ ئەوەی هەر بەرپرسێک خۆى کاندید بکات شەش مانگ پێش هەڵبژاردن دەست لەکاربکێشێتەوە.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا، سودانی بڕیاریدا نە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و نە لە ڕێگەی سێبەرەوە بەشداری هەڵبژاردن نەکات، کە بەوتەى ئەو هەواڵانەى دزەیان پێکراوە "چوارچێوە" سودانی ناچار کردبوو ئەو بڕیارە بدات لە بەرامبەر رازیبوون بە تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵە.
لەگەڵ ئەوەی ئێستا سودانی بە ئاشکرا کاندیدبوونی خۆی راگەیاندووە، سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن کە "چوارچێوەی هەماهەنگی دووبارە پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بکاتەوە".
بەپێی بەیاننامەیەکی نوسینگەى سەرۆک وەزیران کە هەفتەى رابردوو بڵاوکرایەوە، لەکۆبوونەوەى هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕێککەوتن کراوە لسەرئەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار نەکرێتەوە.
بەڵام پەرلەمانتار عەقیل فەتلاوی دوای دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند "ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت دەکەن سەبارەت بە مانەوەى یاسای ئێستای هەڵبژاردن و هەموار نەکردنەوەی دروون لە راستییەوە و پرسەکە بۆ پەرلەمانی عێراق جێهێڵراوە".
هەر لە دیدارەکەى سلێمانیدا، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، پشتیوانی لە هەڵوێستی سەرۆک وەزیران کرد و رایگەیاند، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان "ویستێکی تاکلایەنەیە کە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەسەر نییە". وەک ئاماژەیەک بۆ قسەکانى نورى مالیکى لەو بارەیەوە.
وتیشى یاسای هەڵبژاردن ماوەیەکی زۆری خایاند تا دەرچوو، لە هیچ کام لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانیشدا جێبەجێ نەکرا.
روونیشیکردەوە، "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان باشترین ئەزموونى پێشووە، بەو پێیەی یاساکە هاوسەنگی لە نێوان ژمارەی دەنگەکان و ژمارەی کورسییەکاندا دروستکردووە".
پێدەچێت حەکیم و سودانی بچنە "یەک هاوپەیمانییەوە"، بە وتەی سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە، بەڵام هێشتا ئەو لێکتێگەیشتنە یەکلایی نەکراونەتەوە.
لێکتێگەیشتنی سودانى و حەکیم لەوانەیە ژمارەی لیستەکانی سەر بە هاوپەیمانی شیعە لە چوار لیستەوە بۆ سێ لیست کەم بکاتەوە.
بەوتەى سەرچاوەیەکى سیاسی شیعى، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانى چوار لیست بۆ دیاریکردنی قەبارەی هەر گروپێک، کەبریتین لە: لیستی سودانی لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر. لیستی نوری مالیکی دەوڵەتی یاسا، لیستی قەیس خەزعەلی، وەک عەسائیب ئەهلی حەق کە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە بە تەنیا خۆی کاندید بکات، لیستى حەکیم و حەیدەر عەبادی.
لە کۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق (9ـی نیسانی 2025) رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرا، بڕیارەکەش پێشوازیی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ هەموارکردنەوە و دەستکاریی و گۆڕینی بڕگەکانی.
دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، جومانە غەلای، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كۆمسیۆن لەڕووی تەكنییكیەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و دەستی بەكارەكانی كردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەببات.
وتیشی: "كۆمسیۆن پابەندە بە جێبەجێكردنی هەر نوێكردنەوەیەك كە پەرلەمانی عێراق لە یاسای هەڵبژاردن كردوویەتی، كۆمسیۆنیش لایەنی تەكنیكییە بۆ جێبەجێكردنی یاسای هەڵبژاردن".
وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت: كۆمسیۆن دەستیكردووە بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران چونكە بنەڕەتی پرۆسەی دەنگدانە و مافی دەنگدەر دابین دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش 1079 ناوەندی پێشوازی لە دەنگدەران كردووەتەوە، بە ئامانجی نوێكردنەوەی زانیارییەكان و تۆماركردنی ئەو كەسانەی لەدایكبووی 2007ـن كە مافیان هەیە دەنگ بدەن.
"كۆمسیۆن پشت بە ئامرازی وێنەی چاو دەبەستێت بۆ نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدەران، بۆ ئەو كەسانەی پەنجەمۆری دەستیان نایخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی مافی دەنگدانیان پارێزراو بێت، ئەگەر لە ڕۆژی هەڵبژاردندا پشت بە وێنەی بایۆمەتری و وێنەی چاو بەسترا"، ئەوەش بە وتەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق.
بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر مافى دەنگدانیان هەیە کە زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەریان یەکەمجارە مافی بەشداری کردنیان هەیە لە پڕۆسەی دەنگدان.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری کرا.
