ئەمریکا بۆردوومانى یەمەنى کرد و 38 کەس کوژران

دوێنێ



 

حوسییەکانی یەمەن، کوژرانی 38 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەسی دیکەیان لە ئەنجامی بۆردوومانێکدا بۆ سەر بەندەری نەوتی "رەئس عیسا" لە پارێزگای حودەیدە لە کەنارى دەریای سوور راگەیاند، ئەمریکاش هێرشەکەى گرتەئەستۆ.

کەناڵی تەلەفزیۆنی "ئەلمەسیرە" کە سەر بە حوسییەکانە، بە پشتبەستن بە فەرمانگەی تەندروستی لە حودەیدە بڵاویکردەوە، "لە ئەنجامی دەستدرێژییەکانى ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەی نەوتی رەئس عیسا، 38 کرێکار و کارمەند کوژراون و 102 کەسی دیکەش برینداربوون".

لایخۆیەوە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی سەر بەندەری سوتەمەنی رەئس عیسا بە ئامانجی بڕینی سەرچاوەی "داهات"ـى حوسییەکان کراوە.

لەو بارەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا رێکاریان بۆ نەهێشتنی سەرچاوەی سوتەمەنى حوسییەکان گرتووەتەبەر بە ئامانجى بێبەشکردنیان لە "داهاتی نایاسایی" کە زیاتر لە 10 ساڵە بووەتە پاڵپشتییەک بۆ حوسییەکان. سێنکتۆم دەڵێت "ئامانج لەم هێرشانە لاوازکردنى سەرچاوەی ئابووریی دەسەڵاتی حوسییەکانە".

واشنتن لە 15ـی ئازارەوە بەشێوەى نیمچە رۆژانە حوسییەکان دەکاتە ئامانج، ئەمەش لە هەوڵێکدایە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانى و سەربازییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

حوسییەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 دەستیان بە هێرشەکانیان کرد و ئەوەشیان وەک هاوسۆزی لەگەڵ هاوڵاتییانى غەززە ناوبرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار