سەرۆك كۆمار داوا لە سەدر دەكات بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن

دوێنێ



د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق داوا لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعی دەكات لە بڕیارەكەی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق پاشگەزببێتەوەو بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن.

لە پەیامێكدا بۆ موقتەدا سەدر د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق ، وتویەتی، لە چەند مانگی داهاتودا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەوەی پەرلەمان نوێنەری گەل بێت بەهەمو پێكهاتەكانییەوە...بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە رەوتی نیشتمانی شیعی بگەڕێتەوە بۆ گێڕانی رۆڵی سیاسی خۆی.

سەرۆككۆمار جەختیشی كردۆتەوە كە هەر پڕۆسەیەكی سیاسی بەبێ بەشداری رەوتی نیشتمانی شیعی، كەموكورتە و هیچ گومانێگ لەوەدا نییە كە بەشداری رەوتی نیشتمانی شیعی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتو و لە پێكهێنانی حكومەتدا، ئێستا لە هەمو كاتێك پێویستترە، ئەوەش دوای ئەوەی مەترسی، هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەكەو لەپێش هەمویشیانەوە لە عێراق دەكات.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئێستا جوڵەیەكی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەكانی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دروست بوە، جەخت دەكەینەوە كە ئەو جوڵەیەو هەمو ئەوەی لێی دەكەوێتەوە كەموكورت دەبێت ئەگەر رەوتی نیشتمانی شیعی بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا نەكات، بۆیە لێرەوە داواتان لێدەكەم پاشگەزببنەوە لە بڕیاری بەشداری نەكردن.

رۆژی 27ی مانگی رابردو، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، با هەموان بزانن، بەهۆی ئەوەی هێشتا گەندەڵی بونی هەیە، بەشداری لە هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنی لەنگدا ناكەم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار