پەرلەمانتارێك: ئەحمەد شەرع لەلایەن دادگای عێراقەوە داواكراوە

12 كاتژمێر لەمەوپێش
پەرلەمانتار مستەفا جەبار سەند، دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نوسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كردووە، تیايدا پرسیاری ئەوەی كردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری سوریا، داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە يان نا، ئەنجومەنی باڵای داوەری عێراق لەوەڵامدا وتویەتی، بەڵێ ناوبراو داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە گرتەیەكی ڤیدیۆدا جەختیشكردووە، بەمزوانە ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەشێوەیەكی فەرمی دەبینن.
لەدوای دیدارەكەی محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە گەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری سوریا لەچەند رۆژی رابردوودا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەشێك لەلایەن شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران، هەڵمەتێكى راگەیاندنی توندیان دژی سودانی دەستپێكردووەو، بە ئاشكرا دژی هاتنی سەرۆكی سوریان بۆ بەغداد بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی، كە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت.
لە تازەترین كاردانەوەی هێزە سیاسیە شیعەكانی عێراقیشدا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری میلیشیای عەسائیبی ئەهلی هەق، رایگەیاند، سەرۆكی سوریا داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە، بۆیە هاتنی بۆ بەغداد رەنگە لێكەوتەی خراپی هەبێت و لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیربكرێت.
