نرخی تمەن زیاتر بەرزدەبێتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ سێشەممە یەک دۆلار بە کەمتر لە 82 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەم بەرزبوونەوەیەش لەکاتێکدایە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەیەو  پاڵپشتی بۆ نرخی تمەن دروستکردووە. 
 
بەپێی ماڵپەری نەڤەسان، تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نیوخۆی ئێران، یەک دۆلار بە 81 هەزار و 900 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
شرۆڤەکاران و بازرگانانی دراو لە ئێران دەڵێن، ئاماژە سیاسییەکان بۆ رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی دۆلار کەم ببێتەوە خەڵک روو لە فرۆشتنی دۆلار بکەن. 
 
سەرەڕای ئەوەش، ئەو بازرگانانە پێیانوایە نرخی راستەقینەی دۆلار بەرامبەر تمەن هەر نزیکەی 80 هەزار تمەنە و ئەگەر دەسەڵاتدارانی بانکی ناوەندی و حکومەتی ئێران بیانەوێت خستنەڕووی دۆلار لە ناو بازاڕدا زیاد بکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی تمەن زیاتر بەرزببێتەوە و بەوپێیەش نرخی یەک دۆلار دەتوانێت تاوەکو 70 هەزار تمەنیش دابەزێت.

گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.

ڕۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار