ناتانیاهۆ هەڕەشە لە ئێران دەکات: بەتەنیاش بین، ڕووبەڕووبان دەبینەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئێران مەترسییەکی جدی بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکات و مەترسییە بۆ سەر داهاتووی هەموو مرۆڤایەتی.
هاوکات جەختی لەسەر ئیرادەی حکومەتەکەی کرد بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە بە مەترسی ئێران وەسفی کرد، تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل ناچار بێت بە تەنیا مامەڵەى لەگەڵ بکات.
سەرباری دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران و رێژەی پیتاندانی یۆرانیۆم كە دو گەڕی بەڕێوەچوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: ئەگەر جەنگەكە بەرامبەر بەئێران بدۆڕێنن، دواتر تاران هێرش دەكاتە سەر وڵاتانی رۆژئاوا.
وتیشی: بۆ لێپرسینەوە لە ئێران، هیچ وڵاتێك رێگیریمان لێناكات، بۆیە ئەگەر پێویستیش ئیسرائیل بەتەنیا دەمێنێتەوە و بەردەوامی بەجەنگ لەگەڵ ئێران دەدات.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەڵێن بێت رێگری لە تاران بكات و ئەو وڵاتە نەتوانێت ببێت بەخاوەەنی چەكی ئەتۆمی.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی چرکەساتی یەکلاکەرەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران، دژایەتییەکی توند لە نێوان ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ و حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرهەڵدەدات و هاوکێشەکانی ڕێگری و سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە.
رۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
دوای کۆتاییهانتی گفتوگۆکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دانوستاندنەکانیان "لە کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی چوارشەممە شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە عومان کۆدەبنەوە و دواتر شاندە دیپلۆماسییەکان رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەمان وڵات دانوستاندن دەکەن.
گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
