تورکیا هەناردەی کارەبا بۆ عێراق ڕادەگرێت

7 كاتژمێر لەمەوپێش
تورکیا فرۆشتنی کارەبای بە عێراق ڕاگرت کە لە ڕێگەی تۆڕێکی 300 مێگاواتییەوە بۆ عێراقی دەنارد.
هۆکاری ڕاگرتنی فرۆشتنی کارەبا بە عێراق بۆ ئەوە گەڕێنراوەتەوە کە بەغدا بڕێک قەرزی بە تورکیا نەداوەتەوە کە بە زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت؛ هەر بۆیە نزیکەی هەفتەیەکە تورکیا هەناردەکردنی کارەبای بۆ عێراق ڕاگرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە عێراق دەیویست هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ دوو هێندە زیاد بکات.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە هەرێمی کوردستان کە قسەی بۆ ئاژانسی ئەلمۆنیتەر کردووە، عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە کارەبای زیاتری بۆ بنێرێت و لە نرخەکەشدا داشکانی بۆ بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق ڕێگری لە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و کێشە بۆ دابینکردنی موچە درووست دەکات.
تورکیا پێشتر لە دواخستنی دانەوەی قەرزەکان هۆشداری دابوو بە عێراق و پێی ڕاگەیاندبوو کە پێدانی کارەبا بە عێراق کارێکی خێرخوازی نییە، بەڵکو بازرگانییە و پێویستە بەغدا پارەکە بدات.
ڕاگرتنی هەناردەی کارەبا لە کاتێکدایە، وەرزی گەرما لە عێراق دەستپێدەکات و پێویستیی عێراق بە کارەبا زیاتر دەبێت. هاوکات عێراق تەنیا 60%ـی پێداویستیی ناوخۆی بۆ کارەبا بەرهەم دێنێت و بۆ پڕکردنەوەی بەشـەکەی دیکە پشت بە کارەبای هەرێمی کوردستان دەبەستێت و لە ساڵی ڕابردووشەوە لە تورکیاوە کارەبا هاوردە دەکات.
هەرێمی کوردستان پڕۆژەی 'ڕووناکی' بۆ کارەبای 24 کاتژمێری دەستپێکردووە کە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی هەشت مانگی داهاتوودا کارەکانی پڕۆژەکە تەواو ببن.
هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو کارەبایەی کە بۆ عێراقی دەنارد، ئێستا بۆ تۆڕە ناوخۆییەکان و پڕۆژەی ڕووناکی تەرخان بکات. ئەمەش عێراق ڕووبەڕووی کەمیی کارەبا دەکاتەوە.
