بۆ دووەمجار سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق گەیشتە دیمەشق

13 كاتژمێر لەمەوپێش



حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 25ـی نیسانی 2025، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "شاندێکی فەرمیی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومی." 
 
بەگوێرەی نووسینگەی سوودانی، شاندەکە پێکدێت لە: بەرپرسانی فەرماندەیی هێزەکانی سنوور لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتەکانی نەوت و بازرگانی و دەستەی دەروازە سنوورییەکان. 
 
یەکێک لەو پرسە گرنگانەی شاندی عێراقی لەگەڵ بەرپرسانی سووریا تاوتوێی دەکەن، "لێکۆڵینەوەیە لە ئەگەری نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی عێراقی بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی خاکی سووریاوە بۆ بەندەرەکانی دەریای سپی نێوەڕاست." 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، شاندی عێراقی لەگەڵ لایەنی سووری هاریکاری لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاسایشی سنوور و فراوانکردنی دەرفەتەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەردوو لا دابێت. 
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گفتوگۆکانی شاندی عێراقی لە دیمەشق، "جەختکردنەوە لەسەر پشتگیری عێراق و پابەندبوونی بە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سووریا، و گرنگی سەقامگیری سووریا بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراقی و ئاسایشی ناوچەکە، لەخۆدەگرێت." 
 
رۆژی 26-12-2024، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە. 
 
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەوە یەکەم شاندی عێراقی بوو سەردانی شام بکات. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار