تەقینەوەکەى ئێران هێشتا ئاگرەکە نەکوژاوەتەوەو ٢٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە

یەک مانگ لەمەوپێش



 

بەوتەى وەزیرى ناوخۆى ئێران، توانیویانە لە 80%ی ئاگری تەقینەوەکەی بەندەر عەباس کۆنتڕۆڵ بکەن، هاوکات بەپێى میدیاکانى ئێران تائێستا لەو ڕووداوەدا ٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە ٨٠٠ کەسیش برینداربوون.

دوێنێ شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران، تەقینەوەیەک روویدا، دوای تەقینەوەکە، ئاگرێکی گەورە لە بەندەری شەهید رەجایی کەوتەوە و دووکەڵێکی رەش بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاوبووەوە.

دوای تەقینەوە هەموو چالاکییەکانی بەندەرەکە راگیرا و هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەردەوامن.
 
دەیان تیمی ئاگرکوژینەوە و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی تەقینەوەکە. تیمەکانی ئاگرکەوتنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن و تیمەکانی فریاکەوتن بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان دەگوازنەوە. 
 
کۆمپانیای نیشتیمانی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: "تەقینەوەکەی بەندەری شەهید رەجایی بەندەر عەباس هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ پاڵاوگەکان و کۆگاکانی سووتەمەنی، دابەشکردن، بۆری و هێلەکانی گواستنەوەی نەوتی کۆمپانیەکە نییە و هەموو دامەزراوەکانی نەوتی لە بەندەرعەباس بە شێوەیەکی ئاسایی کارەکانیان بەردەوامە."
تەلەفزیۆنی فەرمى ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی لە بەندەر عەباس لە باشووری ئێران بۆ ٢٥ کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە ٨٠٠ کەسیش برینداربوون.

ئەسکەندەر مؤمنى وەزیرى ناوخۆى ئێران کە وەک نوێنەرى سەرۆک کۆمار لەشوێنى ڕوداوەکەیە وتى: ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە بەڵام هێشتا نەکوژاوەتەوەو هەوڵەکان بەردەوامن، وتى: هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ٢٠%ەی کە دەمێنێتەوە.

مؤمنی وتیشی: ئەم قۆناغە یەکێکە لە قۆناغە کۆتاییەکانی ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوە، دوا هەنگاوەکانیش لەماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا تەواو دەبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار