ئێران: چەند کەسێکمان بەهۆى تەقینەوە گەورەکەوە دەستگیر کرد

3 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وەزیری ناوخۆی ئێران، ڕایدەگەیەنێت کەمتەرخەمی هەبوو لە چاودێری کردنی بەندەرکە، ڕەچاوی رێکارەکانی خۆپاراستن نەکراوە، بەوهۆی ڕووداوەکەشەوە چەند کەسێکمان دەستگیرکردووە.
 
بەپێى دواین ئاماریش لەتەقینەوە گەورەکەی بەندەر عەباسدا تا ئێوارەى ئەمڕۆ 46 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسى دیکەش بریندار بوون.

ئەسکەندەر مؤمنی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئەو تەقینەوەکەى ڕۆژی شەممە لە گەورەترین بەندەری بازرگانی وڵات ڕوویدا، بەهۆی "کەمتەرخەمی" و پارێزگارى لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان نەکراوە.

مؤمنی لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمى وڵاتەکەى وت: بەشێک لە تاوانباران ناسراونەتەوەو دەستگیرکراون. ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەمتەرخەمی هەبووە، بەتایبەتی پابەندنەبوون بە ڕێکارە ئەمنییەکان و کەمتەرخەمی لەلایەن بەرگری شارستانییەوە".

رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا و دوای ئەوە ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە.
 
ئێران هێشتا هۆکاری رووداوەکەی بەندەری رەجایی بەندەرعەباسی ئاشکرانەکردووە  و دیار نییە هۆکاری ئاگرگرتن و تەقینەوەکە چییە. بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە جەخت لە بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.

هاوکات ئەمڕۆ مێهرداد حەسەنزادە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان رایگەیاند: "ژمارەی گیانلەدەستدان لە تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی سەر بە شاری بەندەرعەباس بۆ 46 کەس بەرزبووەتەوە."
 
مێهرداد حەسەنزادە گوتی: "لە رووداوەکەدا 1210 کەسیش برینداربوون. هەزار و 72 کەسیان دوای چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە رەوانەی ماڵەوە کراون و ئێستا 138 بریندار لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون."
 
 لەلایەکی دیکەوە، ناوی 23 قوربانی رووداوەکە کە تەرمەکانیان ناسراونەتەوە، لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای هوموزگانەوە بڵاوکرایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار